نزیکەی 2000 شەهیدی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش مووچەکانیان دەخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان

نزیکەی 2000 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشدا شەهید بوون، دەخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، “ئەو کەسانە مووچەی پێش شەهیدبوونیان چەند بووە، کەسوکارەکەیان هێندە وەردەگرن”.

 رۆژی یەکشەممە 30-01-2022 عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “لە سبەینێوە مووچەی شەهیدانی پێشمەرگە کە لە شەڕی دژی چەکدارانی داعشدا شەهید بوون، دەخرێتەسەر وەزارەتەکەمان”.

بە گوتەی عادل مەلا ساڵح، لە ساڵی 2014وە نزیکەی 2000 کەس لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا شەهید بوون، ئەوانیش لە پێشمەرگە، ئاسایش، دژەتیرۆر، پۆلیس، بەرگریی فریاکەوتن، خۆبەخش و هەموو هێزەکانی دیکە پێکدێن”. ئەوەی لە سبەینێوە مووچەکەی دەخرێتەسەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، هەزار و 18 پێشمەرگەی شەهیدن.

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی، “لە دۆسیەی شەهیدەکانی دیکەشدا کارمان کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا مووچەکانیان دەخرێتەسەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان”.

مووچەی شەهیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە مووچەی شەهیدانی دیکە جیاوازە؛ عادل مەلا ساڵح دەڵێت، مووچەی شەهیدان و شەهیدانی سەنگەر و هەموو ئەوانی دیکە لە وەزارەتەکەیان دیاریکراوە و “مووچەی شەهیدانی شەڕی داعش جیاوازە.

بۆ نموونە، مفەوەزێکی پۆلیس پێش شەهیدبوونی ملیۆنێک و 250 هەزار مووچەی هەبووبێت کەسوکارەکەی هەمان مووچە وەردەگرێتەوە، ئەگەر خێزانداربێت یان نا جیاوازیی نابێت”.

 گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتەکانی دیکەش دۆسیەی شەهیدانیان بۆ دەنێرن و هەموویان وەکو یەک لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچە وەردەگرن، “ئەمە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت”.

ھەواڵی زیاتر