ئەڵمانیا مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستاندرێژ کردەوە

پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ لەسەر داخوازی حکوومەتی ئەو وڵاتە بە زۆرینەی بەرچاوی دەنگی بەڵێ، بڕیاری دا ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژ بكرێتەوە. بە پێی ئەو یاسایە تا نۆ مانگی تر هێزەکانی ئەڵمانیا لە ئەرکی خۆیان بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە و هاواکارییەکانیان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبن. هەرێمی کوردستان پێشوازیی لەو بڕیارەی ئەڵمانیا کردووە و بە پڕبایەخی داناوە.

لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا ٥٥٥ پەرلەمانتار دەنگیان بە پڕۆژەکە دا و ١١١ پەرلەمانتاریش دژی پڕۆژەکە دەنگیان دا و، تەنیا یەک کەس بە بێلایەنی دەنگی دا. ئامانجی سەرەکیی ئەڵمانیا لە درێژەدان بە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەقامگیریی تۆکمە و فرەلایەنە لە ناوچەکە هەژمار کراوە.
بە پێی ئەو پڕۆژەیە ئەڵمانیا بۆی هەیە ژمارەی سەربازەکانی تا ٥٠٠ سەرباز و ڕاوێژکار زیاد بکات هەر چەندە هیچ کات ژمارەی سەربازەکانی ئەڵمانیا لە عێراق، تەنانەت لەو کاتەشدا کە جەنگی داعش لە گەرمترین کاتیدا بوو نەدەگەیشتە ئەو ژمارەیە.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، سوپای ئەڵمانیا هێزی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەو وڵاتە لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و تێکشکاندنی داعش ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبووە.
حکوومەتی ئەڵمانیا هۆکاری سەرەکیی پێشکەشکردنی پڕۆژەی درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ بەردەوامیدان بە ڕاهێنان و پۆشتەکردنی زیاتری هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش گەڕاندۆتەوە.
سوپای ئەڵمانیا تەنیا ڕاهێنانی بە پێشمەرگە نەکردووە بەڵکوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ڕۆڵی هەبووە لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق، گەیاندنی سووتەمەنی بە فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمان.
حکوومەتی نوێی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانێتی پارتەکانی سۆسیال دیموکرات، سەوزەکان و دیموکراتە لیبراڵەکان پێک هاتووە. درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئەڵمانیا لەسەر داوای پارتی سەوزەکان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی هێزەکانی ئەڵمانیا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەڵمانیا یەکێک لە گرنگترین ئەو وڵاتانە بوو کە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی دژی داعش یارمەتی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە کرد. چەکی میلان لە گرنگترین ئەو چەکانە بوو کە ئەڵمانیا دای بە پێشمەرگە و توانای پێشمەرگەی لە بەرانبەر هامەڕ و زرێپۆشە مینڕێژکراوەکانی داعشدا بەرز کردەوە.
بەر لەوەی ئەڵمانیا ئەو چەکە بە پێشمەرگە بدات، پێشمەرگە هیچ چەکێکی پێشکەوتووی نەبوو تا بتوانێت بەرانبەر داعش بەکاری بهیێنێت و بەو هۆیەشەوە ژمارەی زیاتری پێشمەرگە لە کاتی بەرگریکردن شەهید دەبوون.
ئەڵمانیا لەو وڵاتانەیە کە بە چڕی ڕاهێنانی بە پێشمەرگە کرد و تەنانەت تیمی پێشمەرگەی بە مەبەستی ڕاهێنان بۆ ئەڵمانیا گواستەوە و لەسەر ئەو چەکانە ڕاهێنانی پێ کرد کە پێشمەرگە دواتر دژ بە داعش بەکاری هێنان.
لە ئاستی وەزارەتی بەرگری و دەرەوە چەندین جار بەرپرسانی ئەڵمانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە نزیکەوە هێزەکانی پێشمەرگەیان بەسەر کردووەتەوە. هاوکات ئەو وڵاتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی پێشمەرگە بنیات ناوە.
جگە لە ئەڵمانیا وڵاتانی تری وەک ئەمەریکا و کەنەدا و چەندین وڵاتی تر یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە کردووە تا بتوانێت بەرانبەر بە تیرۆر تۆکمەتر و بەهێزتر بێت. ڕۆژئاوا بە شانازییەوە باسیان لە قارەمانیەتی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش کردووە.
ئەڵمانییەکان لەم جەنگی دژی داعش زیاتر لە هەموو هێزێکی مەیدانی لە هێزەکانی پێشمەرگە نزیک کەوتنەوە، چونکە متمانەیان بەو هیزە هەبوو.
لە ئایاری ٢٠٢١بۆ ماوەیەکی کورت لەبەر هۆشداریی بەرزکردنەوەی پلە و ئاستی ئەمنی، سوپای ئەڵمانیا ڕاهێنانی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە بە پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەڵپەسارد بەڵامدواتر دووبارە دەستیان بە چالاکییەکانی خۆیان کردەوە.

جێی باسە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیایکرد بۆ بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عێراقدا و ئاماژەی دا داعش بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەڕەشەیكی جددییە و هەوڵی هاوبەشی بەردەوام بۆ لەناوبردنی تیرۆریزم پێویستە.
هاوکات مه‌سروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نووسیوویه‌تی، پێشوازی له‌ بڕیاری ئه‌ڵمانیا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانیان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م ئە‌م هه‌نگاوه‌ و پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تی پێویستن‌ بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق.”
درێژکردنەوەی مانەوەی هێزکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دڵگەرمییەکی زیاترە بە پێشمەرگە لەوەی سەرەڕای ئەو گوشارانەی بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوا لە عێراق هەن، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر درێژەدان بە هاوکارییەکانیان و بنبڕکردنی تیرۆر.

ھەواڵی زیاتر