رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی پارتی لە بەغدا:پێشوازییەکی زۆر باش لە بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرکۆمار کراوە

پەرلەمانی عێراق کاتی ئاشکراکردنی ناوی کاندیدان و هەڵبژاردنی سەركۆماری دیاری کرد، ڕۆژی دوو شەممە ناوی ئەو کاندیدانە ئاشکرا دەکرێت کە مەرجەکانی خۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەركۆمار تێدایە، هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان 7ی مانگی داهاتووی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەركۆمار کۆ دەبێتەوە. ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا، دەڵێ، پارتی دەیەوێت خۆ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بگونجێنێت، کە بەسەر عێراقدا هاتووە، بۆیە دەمانەوێت بەشدار بین لەو گۆڕانکارییانە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەستکەوت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بكەین.

ڕۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2022، خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیەکەمین دانیشتنی خۆی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەست و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەو دانیشتنەدا هەڵبژێردران، محەممەد حەلبووسی بە سەرۆکی پەرلەمان، حاکم زاملی بە جێگرییەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
26 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەركۆمار بەربژێر کردووە، 11یان کوردن، ڕێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمار بە بەشداریکردنی پەنجا زاید یەکی پەرلەمانتارانی عێراق تەواو دەبێت، بەڵام هەڵبژاردنی سەركۆمار پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق هەیە؛ چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن چانسی هۆشیار زێباری، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار زیاترە لە کاندیدەکانی دیکە بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان پارتی، سوننە و سەدرییەکان هەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سوننەکان ڕێککەوتنی هەیە، ئێستا شاندێکی پارتی لە بەغدایە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئەندامەکانیشی باس لە مسۆگەریی پۆستەکە بۆ بەربژێری حزبەکەیان دەکەن، دەڵێن، جگە لە لایەنەکانی هاوپەیمانیەتییە سێقۆڵییەکەیان، ژمارەیەک لایەنی دیکە ئامادەییان بۆ دەنگدان بە بەربژێرەکەی ئەوان بۆ بوونە سەركۆمار نیشان داوە.
رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا، بۆ هەولێر دەڵێ، شاندێکی پارتی لە بەغدایە، ئەوەش بە مەبەستی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی سەركۆمارە، تا ئێستا هەنگاوی باش نراوە و پێسوازیی باش لە پاڵێوراوەكەی پارتی، واتە هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆماریی عێراق کراوە و، بەردەوامیش دەبین تا 7ی مانگی داهاتوو کە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراقە.
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی، دەشڵێ: “کێشەکانی کورد زۆرن، زەحمەتە لە ڕۆژێکدا یان لە خوولێکی پەرلەمان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەگەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە عێراق کرا، بێگومان کێشەکانیش چارەسەر دەبن. ئێستا گۆڕانکاری لە ساحەی عێراقدا کراوە، ئەوەش داوای ئێمە بوو، پارتی دەیەوێت خۆ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بگونجێنێت، کە بەسەر عێراقدا هاتووە، بۆیە وەکو پارتی دەمانەوێت بەشدار بین لەو گۆڕانکارییانە، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەستکەوت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بكەین.”

ھەواڵی زیاتر