بارزان زیاتر لە دوو سەدەیە بووەتە پەناگەیەك بۆ پاراستنی ئاژەڵ و پەڕەوری كێوی

پرسی ژینگە لە دەڤەری بارزان بە درێژای مێژوو گرنگیەکی زۆری پێ دراوە و بووەتە كولتوورێکی جوان و جیاواز لە هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان؛ ئەمەش بووەتە جێگەی سەرسامی خەڵك و گەشتیار و هاووڵاتیان بۆ بینینی ئاژەڵی كێوی و دیمەنی جوانی ژینگە و سروشت سەردانی دەڤەرەكە دەكەن.

دەڤەری بارزان زیاتر لە 80 جۆر مەل و تەیر و پەڕەور، 800 جۆر رووەک و چەندین جۆر ئاژەڵی لێ هەیە؛ رووبەری ناوچەی پارێزراوی بارزان 200 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و زیاتر لە دوو سەدەیە بووەتە پەناگەیەك بۆ پاراستنی ئاژەڵ و پەڕەوری كێوی
ئەو سروشتەی لە دەڤەری بارزاندا بەدی دەكرێت جیاوازە لە ناوچەكانی تر، خەڵك بە چاوی رێزەوە سەیری دەكات و پارێزگاری لێ دەكات و تێكی نادات لە سەدەی هەژدەمین لەسەر بنەمای تەسەوف و خواناسی، ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان بووە كولتوور و خەڵك فێر كراوە كە نابێت زیان بە ژینگە و سروشت و ئاژەڵ و گیانلەبەری كێوی بگەینێت، هەوڵیش بۆ ئەوە دراوە كە كۆمەڵگەیەكی دوور لە زۆڵم و زۆرداری بنیات بنرێت، ئەو دادپەروەریە و عەدالەتەی هەبوو لە سەرچاوەی پیرۆز و گرنگەكانی ژیان بوون كە دژی ستەمكاری و زوڵم بوون ئەم بەزەیی و تەبایی و كاركردنە ئەو روحە ژینگەپارێزییەی كۆمەڵایەتی و سروشتی بەرهەم دەهێنرێت ئەم خاڵانە بوونەتە كولتوورێكی جوانی ژینگەپارێزی كە شایەنی بڵاوكردنەوە بوون بۆ گشت مرۆڤایەتی و ناوچەكانی تر.
ساڵح شەوان، پیاوێكی بەتەمەنی دەڤەری بارزانە، بۆ هەولێر دەڵێ:” پاراستنی ژینگە و زیان نەگەیاندن بە گیانەوەران بە چەند قۆناغێك بووەتە كولتوور كە خەڵك هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ژینگە بكات و هەوڵی پاراستنی بدات، لەوانە راونەكردنی ماسی لە كاتی زاوزێدا، هەروەها گیانلەبەرە كێویەكان، پاراستنی گیای بەهاری، نەبڕین و هەڵنەكشانی گژوگیا بە ریشاڵەوە بۆ ئەوەی ساڵانە ئەو گوڵ و گیایە دووبارە شین ببێتەوە، هەروەها نەبڕینەوەی دار و دەوەن، بەتایبەت داری بەرهەمدار وەك بەڕوو، مازی، قەزوان، …هتد.”
ساڵح، ئەوەشی خستەڕوو: “پیس‌نەكردنی ئاو پاكڕاگرتنی سەرچاوەكانی ئاو، رێگریكردن لە شووشتنەوەی زەوی لە كاتی بارانبارین، ئەم پڕۆسەیە زیاتر لە دوو سەدەیە تا كولتووری ژینگە پارێزی لە بارزان دروستبوو، ئەم جێگیربوونە بۆ خواناسی و ژیانناسی لە تەكییەی بارزان دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش پەیڕەو دەكرێت.
محەمەد شاكر، هاووڵاتییەكی دیكەی دەڤەری بارزانە، بۆ هەولێر دیاركرد:” لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ژینگەپارێزی و ژینگە دۆستی هەبووە تا سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزانی، لەو كاتەدا چەندین رێنمایی دەرچوونە لە بارەی پاراستنی ژینگە، خەڵكی دەڤەرەكە زۆر بە باشی پابەندی ئەو رێنمایانە بووە، پێویستە هەموو كەسێك خۆ بە خاوەنی ژینگە بزانێت و پارێزگاری لێ بكات، چونكە ژینگە بەردەوام پێویستی بە پاراستنە، كولتووری ژینگەپارێزی بارزان لە سەردەمی باب و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە نەیارانی كوردستان زۆرجار ژینگەی دەڤەری بارزانیان سووتاندووە، بەڵام زیاتر هەستمان بە بەرپرسیاریەتی كرد بۆ چاككردنەوە و پاراستنی ژینگە، ژینگەپارێزی ئەركی رۆژانەی ئێمەیە، پاراستنی ژینگە پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتییە، ژینگە بۆ هەمووانە بۆیە پێویستە هەموومان كار بۆ باشتركردنی بكەین.
شاكر، ئاشكراشی كرد: “هەر كەسێك سەردانی دەڤەری بارزان بكات بە هەر رێگایەك بێت هەستی پاكرڕاگرتنی ژینگە بۆی دروست دەبێت و هەبوونی ئاژەڵ و پەڕەوری كێوی و دار و بار و سروشتێكی جوان هەستی جوانی پێ دەبەخشێت و وا دەكات خەڵك زیاتر بۆ بینینی دیمەن و ژینگە سەردانی دەڤەری بارزان بكات.”

ھەواڵی زیاتر