پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو قۆناغەکانی کۆتایی دەچێت

لە چوارچێوەی پرۆژەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر رۆشنایی یاسای هەموارکراوی خانەنشینی پێشمەرگە و رێنمایی و رێکارە نوێیەکانی خانەنشینی ژمارەیەک ئەفسەر لە هێزەکانی پێشمەرگە خانەنشین کران، ئەوەش دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەوەی ئەفسەری نوێ و خاوەن توانا بێتە پێشەوە و وزەیەکی نوێش دەدات بە هێزەکانی پێشمەرگە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێ، پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەرانی پێشمەرگە پرۆژەیەکی بەردەوامە و لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت، پلە بەرزکردنەوە لە دوای تەواو بوونی رێکارەکانی خانەنشینی دەست پێ دەکات.
108ئەفسەر لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خانەنشین بوونیان دەرچووە، 19 ئەفسەریش دۆسیەکانیان لە وردبینیە، پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە دوای تەواو بوونی رێکارەکانی خانەنشینی دەست پێ دەکات، جگە لەوەی لە ماوەی رابردوو هێزی پشتیوانییەک خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانی گواستنەوەی هێزی پشتیوانی دووش کە سەر بەیەکەی حەفتا بوو خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، میلاکی یەکەکانی حەفتا و هەشتا بۆ پێداچوونەوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، لە هەمووی گرنگتر تێکەڵبوونەوەییەکەی 70 و 80ـەیە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، ئیرادەیەکی باش هەیە بۆیەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە، بۆیە هەنگاوەکان خێراتر بوونە بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە.
لەبارەی چۆنێتیی چاکسازییەکان لەنێو یەکەکانی 70 و 80 و ژمارەی لیواکان، میران بەکر، گوتی: “لیواکانی 70 و 80 دیارنین چەند کەسن، لیوا هەیە سێ هەزارە، لیوا هەیە کەمتر لە هەزار، بۆیە بەپێی سیستمی سەردەمیانە رێکدەخرێنەوە و رێکخستنەوەکەش قۆناخ بە قۆناخ دەبێت، پرۆسەکە دوورمەودا و ستراتیژییە”.
لەبارەی رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە، میران بەکر، رۆڵی هاوپەیمانان بە ئەرێنی ناودەبات و دەڵێت” هاوپەیمانان لەسەر هێڵن و بە سێ شێواز پشتیوانی پێشمەرگە دەکەن، کۆمەکی سەربازی، راوێژکاری لۆجستی و بەشداریکردن لە پرۆسەی چاکسازی پرۆژەکانی وەزارەت”.
عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هەولێر دەڵێت، دەمێکە پرۆژەی چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە، لەو 27 خاڵەی کە بڕیارە جێبەجێ بکرێن ژمارەیەکی زۆر لە خاڵەکان جێبەجێ کراون، بەشێکیشیان لە قۆناغی جێبەجێ کردن دان، پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو خاڵانەی وەک پرۆژەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە دایناون جێبەجێ بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێ:” یەکەی 70 و 80 بەشێکن لەو پرۆژەیە، قۆناخ بە قۆناخ هێزەکانیان رێک دەخرێنەوە، لە چوارچێوەی لیواکاندا دواتر دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە خاڵێک لە خاڵەکانی پرۆژەی چاکسازی پەیوەستە بە ژمێریارییەوە، ژمێریاری هەر دوو یەکە کەوتووتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، مووچە و کاروباری دارایی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەیەک سەرچاوەی هەیە لە ئێستادا.
عەمید عوسمان محەمەد، گوتیشی:” خانەنشین بوونی ئەفسەرانی پێشمەرگە بەشێکە لە هەنگاوەکانی پرۆژەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەموویەکە سەربازییەکان کە لە هەموو دنیادا خانەنشینی بەشێکە لە پرۆسەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناخ بە قۆناخ لیستی خانەنشینی خۆی پێشکەش دەکات، بە هەمان شێوە پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە یەکێکە لە پرۆژەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە پرۆژەیەکە لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت”.