هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

حكوومه‌تی هه‌رێم ماسته‌ر پلانی قه‌زای كۆیه‌ هه‌موارده‌كاته‌وه‌

ماسته‌رپلانى شارى کۆیه‌ هه‌موار ده‌کرێته‌وه‌ و کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ش له‌ قه‌زاکه‌ ده‌که‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه.
محه‌مه‌د میرحاج، سه‌رۆکى شاره‌وانیى کۆیه،‌ به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: له‌سه‌ر بڕیارى  وەزیری شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حکوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان ماسته‌ر پلانى قه‌زاى کۆیه‌ هه‌موار ده‌کرێته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک کە له‌گه‌ڵ دۆخى ئێستای شاره‌که‌ گونجاو بێت، چونکه‌ ئه‌و ماسته‌رپلانه‌ى که‌ تا ئیستا کارى پێ کراوه،‌ مێژووکه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 2012  و ‌ده‌رفه‌تى پێشکه‌تنى شار و پرۆژه‌کانى له‌ قه‌زاکه‌ که‌م کردبووەوە‌ و به‌هۆیەوە ده‌ستکراوه‌ نه‌بووین له‌ فراوانکردنى سنوور، بۆیه‌ دواى هه‌مواره‌ نوێیه‌که‌ بابه‌تى کێشه‌ى ته‌جاوز و ڕێگه‌دان به‌ دروستکردنى خانوو تا ڕاده‌یه‌کى باش چاره‌سه‌ر ده‌بێت و به‌پێى ڕێنمایى و یاسا کارپێکراوه‌کان مامەڵەیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، جگه‌ له‌وه‌ ده‌رفه‌تى باش بۆ پرۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان ده‌کرێته‌وه.
 راشیگه‌یاندووه‌: هه‌فته‌ى داهاتوو بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ردانى وه‌زاره‌ت ده‌که‌ین بۆ ته‌واوکردنى ڕێکاره‌ یاسایى و ئیدارییه‌کان که‌ ئێستا له‌ قۆناغى کۆتایداین، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا ماسته‌رپلانێکى نوێ بۆ کۆیه‌ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنەوە.
محه‌مه‌د میرحاج، سه‌رۆکى شاره‌وانیى کۆیه،‌ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: جگه‌ له‌وه‌ هه‌ر له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ له‌ قه‌زاکه‌ ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه،‌ له‌وانه‌ پڕۆژه‌ى شه‌قامى حاجى قادر که‌ شه‌قامى ناو بازاڕى کۆیه‌ له‌ فولکه‌ى حاجى قادره‌وه‌ تا نزیک یانه‌ى کۆیه‌ به‌ جووتساید ده‌کات و جگه‌ له‌وه‌ کۆنکرێتکردن و دانانى ئاوه‌ڕۆیه‌ بۆ دوو به‌شى هه‌یبه‌سوڵتان و چاکسازى له‌ شه‌قامى عه‌ونى (حه‌مامۆک) که‌ شوێنێکى گه‌شتوگوزارییه‌ و چاکسازى له ‌مه‌دخه‌لى قه‌زاکه‌ له‌ گرنگترین پرۆژه‌کان ده‌بن