له راگه‌یه‌ندراوێكدا، دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدای به توندی ئیدانه‌كرد و ئه‌و په‌لاماره‌ی به كارێكی تیرۆرستی ناوبرد، داواشی له هێزه ئه‌منییه‌كان كرد، به‌رپرسیارێتی له‌ئه‌ستۆ بگرن، تاوانباران ئاشكرا بكه‌ن و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ش كێوماڵ بكه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، كه له نووسینگه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌یه‌وه ده‌رچووه، هاتووه: “شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به توندی ئه‌و كرده‌وه تیرۆرستییه ئیدانه ده‌كات، كه فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدای كرده ئامانج و ئه‌و په‌لاماره به پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیدار ناو ده‌بات و سنووربهزاندنێكی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری نیشتمان، چونكه فڕۆكه‌خانه روكاری وڵاته و یه‌كێكه له گرنگترین دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاریی و زینده‌ییه‌كان”.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، “جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و كرده‌وه تیرۆرستییه‌ی ره‌تكرده‌وه و داوای له ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان بگرنه ئه‌ستۆ و لایه‌نی به‌رپرس له‌و تاوانه ئاشكرا بكه‌ن، ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه كێوماڵ بكه‌ن و توانای هه‌واڵگرییان به‌رزبكه‌نه‌وه، له‌پێناو راونانی شانه نوستووه‌كانی تیرۆر و كێشه ئه‌منییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی چاره‌سه‌ر بكه‌ن”.