سلێمانی…سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم ڕاگیرا
بە بڕیاری وەزیری دارایی و بەهۆی دواکەوتنی مووچەوه، سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ڕاگیرا.
بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە ئەمشەو دەرچووەو نێردراوە و واژۆی ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانی لەسەرە هاتووە “بەپێی ئەو بڕیارەی پێماندراوە بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی سەرجەم دەسەڵاتی خەرجکردن لە بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی هەرێم-سلێمانی (عەبدولڕەحمان ساڵح ڕەشید) بەشێوەیەکی کاتی”.
ئەوەش هاتووە “جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی هەرێم-سلێمانی (گەزیزە محیهدین مەعرووف) هەڵدەستێت بە ئیشوکارەکانی”.
ئەوەش خراوەتەڕوو “پێکهێنانی لێژنەیەکی پسپۆڕ لە دیوانی وەزارەت و بانکە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشکنین لە هۆکار و خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە کاتی خۆیدا و کەمی سیوولەتی نەختینەیی پێویست لە بانک”.
هەر لە نووسراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە کە فەرمانەکە لە ڕێکەوتی (27ـی1ـی2022) جێبەجێ دەکرێت.