هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەرێمی كوردستان.. پێشوازی لە بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو دەكرێت

بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی ئاو، یەكێكە لە بڕیارە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە پارەیەكی كەمتر بتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە. ئێستاش لە سەرتاسەری كوردستاندا ئەو هاوبەشانەی قەرزی ئاو دەدەنەوە بە گەرموگوڕییەوە پێشوازی لە بڕیارەكە دەكەن و بە بڕیارێكی باش ناوی دەبەن و سەردانی فەرمانگەكەمانی ئاو دەكەن.
ئەمە وێڕای ئەوەی هەر هاوبەشێكی ئاو كە پێوەری بەستاوە، ئەگەر بۆ مانگێك هەرچەندی پارەشی بۆ هاتبێتەوە، وەك نموونە، ئەگەر لە مانگێكدا 150 هەزار دیناری بۆ گەڕابێتەوە، لە 45 هەزار دینار زیاتر نادات و بڕیاری لێخۆشبوونیش دەیگرێتەوە.
بڕیاری لێخۆشبوونی ئەو ڕێژەیەی 15%ی قەرزی ئاو بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە و درێژیش ناكرێتەوە، بۆیە فەرمانگەكانی ئاو لە سەرتاسەری كوردستان داوا لە هاووڵاتییان و ئەو هاوبەشانە دەكەن كە قەرزاری كرێی ئاون، هەتا زووە سەردانیان بكەن و لە بڕیارەكە سوودمەندبن و بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیش هەموو كارئاسانییەك دەكەن.


ژێده‌ر- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار