سلێمان تاشان – ههولێر
دوای پێنج ساڵ لە شکستی داعش و راگەیاندنی حکوومەتی عێراق بۆ سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی تیرۆریستانی داعش، هێشتا بە دەیان کەمپی ئاوارەکان لە کوردستان ماون کە دەیان هەزار خێزانیان تێدا دەژیت و بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری لە ناوچەکانیان ئامادە نین بگەڕێنەوە.
سەرما و بەفر لە لایەک و نەبوونی هیچ ئومێدێک بۆ گەرانەوەیان، ژیانی ئاوارەکانی عێراقی هێندەی تر ناخۆش کردووە، ئەوان حەوت ساڵە لە کۆمەڵێک کەمپی جیاواز لە هەرێمی کوردستان دەژین بەڵام ترووسکاییەک بۆ داهاتوویان و دووبارە ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لەو ناوچانە نابین لێیەوە هەڵاتوون.
وەک ئاشکرایە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و سەرهەڵدانی داعش بە سەدان هەزار ئاوارە لە پارێزگاکانی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، جگە لە دۆخی ناهەمواری ئەمنیی عێراق، دۆخی سووریاش ئەوەندە خراپ بوو کە بە سەدان هەزارئاوارە لەو وڵاتەشەوە هاتنە هەرێمی کوردستان و لە کەمپەکان و شار و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون.
ژمارەی ئاوارەکان گەیشتە سەرووی دوو ملیۆن کەس و ئەوەندە زۆر ببوو لە پارێزگایەکی وەک دهۆک ژمارەیان لە ژمارەی دانیشتووانی رەسەنی پارێزگاکە زیاتر بوو.
ئەو دۆخە بەردەوام بووە و دوای رووخانی داعش هیوایەک دروست بوو تا ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و ئاسایش و ئارامی بەرقەرار بێت و لە ژیانی کەمپنشینی رزگارییان ببێت، هەرچەندە بە سەدان هەزار کەسیانبۆشوێنەکانی خۆیان گەڕانەوە بەڵام بە سەدان هەزاری تر هەر ماونەتەوە و ژیانی ناو کەمپەکانیان پێ باشتر بووە تا ژیان لە دۆخێکی ناسەقامگیر و بێ خزمەتگوزاری.
بارە قورسەکە زیاتر لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان خۆی تووشی قەیرانی بڕینی بودجە و هێرشی داعش ببوو، هاتنی ئاوارەکانیشی هاتە سەر و ئەو پەڕی هەوڵی خۆی دا زۆرترین خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات و لەو بوارەشدا بووە جێی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی وڵاتان لەو سەردانانەیان کە بۆ هەرێمی کوردستان کردیان بە بایەخەوە باسیان لەو پێشوازییە و میواندۆستییەی هەرێمی کوردستان کرد کە پێشکەشی ئاوارەکانیان کردبوو.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جگەلە یەک تا دوو کەمپ نەبێت سەرجەم کەمپەکانی عێراق داخراون بەڵام لە کوردستان هێشتا دەیان کەمپ هەن ئاوارەی تێدا دەژین.
کەریم نووری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کردووە ٢٦ کەمپ لە هەرێمی کوردستان ماون ئاوارەیان تێدایە و بە هۆکاری جیاواز نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. ئەو ئاماژەی داوە ژیانکردن لە کەمپەکان سەختە و بۆیەش داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە هاوکاریی زیاتر پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.
لەو ٢٦ کەمپەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، ١٦ کەمپیان هی پێکهاتەی ئێزدییەکانە و ئەوانەی تر بەسەر پێکهاتەی تری عێراقدا دابەش دەبن.
هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئەو ئاوارانە ئەوەیە لە ناوچەکانی خۆیان هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکەن و ژیانکردن لە کەمپەکانیان پێ باشترە لەوەی لە دۆخێکی نائارامدا بژین.
پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان پێشتریش بە توندی گلەییان لە حکوومەتی عێراق گرتووە کە لە چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکان و گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکانیان زۆر کەمتەرخەم بووە و وەک پێویست ئاوڕی لەو ئاوارانە نەداوەتەوە. بۆ نموونە رۆژانە لە شنگال باس لەوە دەکرێ مەترسی لەسەر گیانی ئەو کەسانە هەیە گەڕاونەتەوە و بوونی کۆمەڵێک گرووپی میلیشیای نایاسایی و دووبارە سەرهەڵدانی داعش و هەڵاتنی ژمارەیەک تیرۆریستی داعش لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە هێندەی تر ئەوانی نیگەران کردووە.
بەپێی ئامارەکانی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ساڵی ٢٠٢١ سەرووی ١٧٢ کەمپی ئاوارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان داخراون و ئەو ٢٦ کەمپەی لە هەرێمی کوردستان ماون هەندێک کەم و کورتییان هەیە کە یەکێک لەوانە دابینکردنی نەوتە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکان.
حسێن تاڵب بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی نەوتی عێراق بە فوراتی عێراقی گوتووە دەستیان بە دابەشکردنی ١٠٠ لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێک کردووە تا لە سەرما و بەفر پارێزراو بن.
بەگشتی لەو ٢٦ کەمپە ٣٧ هەزار خێزان دەژین، تاکە کەمپ کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و هێشتا دانەخراوە، کەمپی جدعەیە کە کەوتووەتە پارێزگای نەینەوا و، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دروست كراوە، بڕیارە ئەویش بەمزووانە دابخرێت.
بوونی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە لە کاتێکدایە خەریکە دووبارە داعش دەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر پارێزگاکانی عێراق و پێشبینی دەکرێ ئاوارەکان لەجیاتی کەمبوونەوە زیاتر ببن.