لە پارێزگای ئەنباڕ 3 مووشه‌ك ئاراسته‌ی شارۆچكه‌ی كه‌ڕمه كران

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئاشكرایان كرد، ئه‌مشه‌و سێشه‌م هێرشی مووشه‌كی كراوه‌ته‌ سه‌ر شارۆچكه‌یه‌كی پارێزگای ئه‌نباڕ و به‌هۆیه‌وه‌ دوو منداڵ به‌ سه‌ختی بریندار بوون.

ئاماژه‌یان به‌وه‌ش دا: ئه‌مشه‌و كاتژمێر نزیكی 9:30 خوله‌ك 3 مووشه‌ك له‌ ناوچه‌كانی كه‌ناری ڕووباری دیجله‌ ئاراسته‌ی شارۆچكه‌ی كه‌ڕمه له‌ پارێزگای ئه‌نباڕ كران، باس له‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌ یه‌كێك له‌ مووشه‌كه‌كان له‌ نزیك باره‌گایه‌كی تایبه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

جه‌ختیشیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ 2 هاووڵاتی برینداربوون كه‌ هه‌ردووكیان منداڵن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 5 بۆ 10 ساڵ ده‌بێت.

هه‌ردوو برینداره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ڕمه‌ی گشتی كراون بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بڵاوه‌یان پێ كراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تبار و وه‌رگرتنی ئیجرائاتی پێویست.