کەرکوک…پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنیەکان و چەکدارانی داعش ڕوویدا

ئەمشەوی سێشەممە لە كەركووك هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش ڕووبەڕووی یەكتری بوونەتەوە و شەڕ بەردەوامە.

دوای ئەوەی بۆمێکی چێنراو بە هێزە ئەمنییەكاندا تەقیەوە لە ناوچەی وادی زغێتون لە نێوان هەردوو شارۆچکەی حەویجە و داقووق و بووە هۆی برینداربوونی چوار کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵی، لە هەردوو ناوچەی وادی ئەبو شەحمە لە سنووری ناحیەی ڕەشادی سنووری شارۆچکەی حەویجە و وادی زغێتوون لە سنووری شارۆچکەی داقوق لە باشووری پارێزگای کەرکووک، شەڕ و پێکدادانی سەخت ڕووی دا و تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە، فڕۆکە جەنگییەکانیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانی چەکدارانی داعش دەکەن.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنانەی هێزە عێراقییەکان بۆ ڕاوەدوونانی چەکدارانی داعش ئەنجامی دەدەن، هێزێکی فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی لە ناوچەی وادی ئەبو شەحما لە سنووری ناحیەی ڕەشاد، بۆسەیان بۆ پاشماوەی چەکدارانی داعش داناوە و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوانیان ڕوویداوە و یەکێک لە تیرۆریستان کوژرا، لە کاتێکدا هێزەکە دەستی کرد بە بەدواداچوونی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەکە.