دادگای فیدراڵی سکاڵاکانی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان رەتدەکاتەوە

دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵاکانی دوو پەرلەمانی لەبارەی سەر دانیشتنی پەرلەمان رەتکردەوە.

ئەمڕۆ 25ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022 دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵاکانی هەردوو پەرلەمانتاران مەحمود مەشهەدانی و باسم خه‌شانی لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان رەتکردنەوە و رایگەیاند “یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران یاسایی و دەستوورییە”

رۆژی 13ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022، لەسەر سکاڵای هەردوو پەرلەمانتاران مەحمود مەشهەدانی و باسم خه‌شانی، کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرله‌مانی عێراق لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە بە شێوەیەکی کاتی راگیران، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاری کۆتاییدا و رایگەیاند “هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یاساییە”.

لە رێکەتی 9ـی کانوونی دووەمی 2022، بە تەواوبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام دواتر کۆمەڵێک كێشە لەنیو هۆڵی پەرلەمان روویاندا، دادگای فیدراڵیش لەسەر سکاڵای چەند پەرلەمانتارێک کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵپەسارد.