شاندی پارتی لە بەغدا پۆستی سەرکۆمار لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ماوەی ٢ ڕۆژە لە بەغدایە و پۆستی سەرکۆمار لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات.

سەرچاوەیەک ئەوەی پشتڕاست کردووەوەتەوە، هۆشیار زێباری، وەک کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، تا ئێستا زیاتر لە ١٧٠ دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی یەکلایی کردووەتەوە و هاوشێوەی سەرخستنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت ئەو پۆستەش بە دەستبهێنێت.
لەماوەی ڕابردوودا، پارتی و یەکێتی چەند کۆبوونەوەیەکیان هەبوو لەبارەی گەیشتن بە بەرنامەی هاوبەش بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، بەڵام گوتەبێژی پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا، هۆکاری لێکترازانەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە فراکسیۆنی یەکێتی هەر لە یەکەمین دانیشتن کە سەرجەم لایەنە کوردستانیەکان ئامادەی بوون، هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی جێهێشتوو بەشدار نەبوو لە دەنگدان بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان. وە باسی لەوەشکردووە ئەو شاندە هاوبەشەی پارتی و یەکێتی کە سەردانی بەغدایان کرد، نوێنەرانی یەکێتی هەڵوێستی ڕوونیان نەبووە و خاوەنی بڕیار نەبوونە و بێ پرسیش لە وەفدەکە کشاونەتەوە.
وا چاوەڕوان دەکرێت، لە دوای پەسەندکردنی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، پۆستی سەرکۆمار بەرەو یەکلایی کردنەوە بچێت، ئەگەر هاوشێوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان سەدر و عەزم و تەقەدوم لەگەڵ لایەنە کوردیەکان لە ئەگەری بوونی کۆدەنگی، لە نێو پەرلەمان کاندیدی پارتی سەرکەوتنی مسۆگەرە کە تا ئێستا بەشێوەی فەرمی دیاری نەکراوە و دەنگۆی بەهێز هەیە کە هۆشیار زێباری دەبێتە کاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە.

ھەواڵی زیاتر