ئابووریناسێك: هەر وڵاتێك گرنگی بە وەبەرهێن بدات پێشدەكەوێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە هۆی ئەو پێشكەوتنە خێراییەی هەرێمی كوردستان لەرووی ئاوەدانی و ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، وڵاتانی جیهان خوازیارن بێنە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان بكەن. لە تازەترین هەنگاویشدا، ئەمریكا بۆ وەبەرهێنان روو لە هەرێمی كوردستان دەكات.

سەرۆكی یەكەی ئابووری كونسوڵخانەی ئەمریكا، بە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، بۆ زیاتر پێشوەچوونی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، ئەمریكا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ وەبەرهێنان رووی تێ دەكات.
لە راگەیەندراوێكی دەستەی وەبەرهێناندا هاتووە، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، پێشوازی لە سیس پاچ كردووە، كە سەرۆكی یەكەی ئابووری كونسوڵخانەی ئەمریكایە و تاوتۆی دۆخی وەبەرهێنان كراوە لە هەرێمی كوردستان و چی بكرێت بۆ زیاتر پێشوەچوونی ئەو بوارە.
لە كابینەی نۆیەمدا، زۆر گرنگی بە وەبەرهێنان دەدرێت، بۆیە لە ساڵی 2020 وەبەرهێنەرێكی زۆر رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە زۆربەی كەرتەكاندا وەبەرهێنان كراوە.
سەرۆكی یەكەی ئابووری كونسوڵخانەی ئەمریكا، دڵخۆش بووە، كە دەبینێت هەرێمی كوردستان، هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە بۆ پێشوەچوونی سێكتەری كشتوكال و یشەسازی و هاوكاری ئەمریكاشی دەربریوە، تا بتوانن وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا بكەن.
هەرێمی كوردستان، لە هەنگاوێكی زۆر گەورەدایە بۆ ئەوەی رێگەخۆش بكات بۆ هەموو وڵاتێك تا وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەمەشیان، وەكوو ئەوەی “محەمەد شوكری” باسی دەكات: ” كارئاسانی زۆریان بۆ وەبەرهێنەران كردووە، تا سەرنجیان رابكێشن و بۆ وەبەرهێنان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن”.
یەكێك لەو وڵاتانەی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان بۆ وەبەرهێنان، وڵاتی چینە، كە ئێستا بە نیازن پرۆژەی (هەپی سیتی) بە گووژمەی ٥ ملیار دۆلاری ئەمریكی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.
بەهزاد مەحموود، كە ئابووریناسە و شارەزایی لە بواری وەبەرهێناندا هەیە، پێیوایە هەموو وڵاتێك بە وەبەرهێنان پێشدەكەوێت.
بەهزاد، باس لە وڵاتە پێشكەوتووەكان دەكات، كە لە رێگەی راكێشانی وەبەرهێنەوە توانیویانە وڵاتی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە و بەرەوپێشی ببەن.
ئەو دەڵێت: “هەرێمی كوردستان پێشكەوتووە و وەبەرهێنی باش رووی تێكردووە، بەڵام نابێت تەنیا فۆكەس بخەنە سەر كەرتی خانووبەرە، بەڵكوو بۆ ئێستای كوردستان، گرنگترین وەبەرهێنان، سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییە، خۆشبەختانە ئێستا ئەو بوارانە گرنگی پێدەدرێت و دەبێت لە پێشەنگی وەبەرهێنان بێت”.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر وەبەرهێن لە هەر وڵاتێكدا بكشێتەوە، ئەو وڵاتە لەڕووی ئابوورییەوە دادەڕوخێت و دووچاری قەیران دەبێتەوە، بۆیە گرنگە هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە وەبەرهێن بدات و كارئاسانیان بۆ بكات، چونكە هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان بكرێت، هەلی كار زیاتر دەبێت و ئابووریش دەبووژێتەوە.