وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسی میحوه‌ره‌كان و فەرماندەی لیواکانی پیادەی پێشمەرگە کۆبووەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، له‌گه‌ڵ سەرجەم بەرپرسی میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندە و جێگرانی(مقدم) لیواکانی سه‌ر به‌ وەزارەتی ناوبراو، کۆبووە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، لەمیانی کۆبوونەوەی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ لەگەڵ بەرپرسی میحوەرەکان،  جەخت لەسەر ساز و ئامادەیی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرامبەر مەترسیەکانی تیرۆر و تیرۆریستان، كرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا هاتووه‌،  بەرپرسی میحوەرەکان پوختەیەکیان لەسەر دۆخ و پێداویستیە هەنووکەیەکان خستەڕوو، ستافی باڵای وەزارەتیان لە تۆکمەیی و توندوتۆڵی سەنگەرەکان دڵنیا کردەوە.

وەزیری پێشمەرگە  فەرماندەکانی راسپارد چاو کراوەتر، بە بەرنامە و تەکنیکی نوێی جەنگی، رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببنەوە.

وەزیری پێشمەرگە جەختیشیکردەوە، چاوپۆشی لەهیچ کەمتەرخەمیەک ناکەین و پرەنسیپی پاداشت و سزا پەیڕەو دەکەین.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (23ـی کانوونی دووەم/ یه‌نایه‌ری 2022) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیرانی پێشمەرگە “شۆڕش ئیسماعیل” و وه‌زیری ناوخۆ “رێبەر ئەحمەد”، دوايين گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعشی تاووتوێ کرد.

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هێڵەکانی بەرگری و توندترکردنی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان کردەوە.