بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی عەنکاوا ئاشکرای کرد کە سەرۆکی تۆڕێکی سواڵکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە “بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی عەنکاوا بە هاوکارییەکی گرنگی دانیشتووانی عەنکاوا و بەدواداچوونێکی وردی هێزە ئەمنییەکان نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١/٢٤ توانرا سەرۆکی ئەو تۆڕە کە سواڵکردنيان کردبووه پیشەی خۆیان دەستگیر بكرێت”.
ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە ئەو سەرۆك تۆڕە ڕۆژانە لە کاتی نیوەڕۆ ١٠ بۆ ١٥ کچ و کوڕ بە ئۆتۆمبێل بردووەتەوە عەنکاوا و لە گەڕەکەکانی ئەو شارۆچکەیە بڵاوی کردوونەتەوە و خۆیان وا پێشان داوە کە هەژارن و سواڵیان کردووە و ئێوارانیش سەرۆک تۆڕەکە گەڕاوەتەوە عەنکاوا و سواڵکەرەکانی کۆکردووەتەوە و گواستووینەتەوە بۆ شوێنێکی دیاریکراو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی عەنکاوا ئەو تۆمەتبارەی ڕادەستی دادگای تایبەت کردووە و دادگا ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە و حکوومدان بە پێی یاسا دەگرێتە بەر.