وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمکردنەوەی ئەمپێرەکانی کارەبا دەخاتەڕوو

لە 19/1/2022، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی کارەبای ماڵانی لە 40 ئەمپێرەوە  بۆ 30 ئەمپێر دەرکرد، لە بەرامبەردا زیادکردنی ماوەکانی پێدانی کارەبای، وتەبێژی وەزارەتی کارەباش رایدەگەیەنێت، ئەو کەمکردنەوەیە کاتییە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمەی رابردوو وەزارەتی کارەبا خوێندنەوەی بۆ دۆخی کارەبا کرد بەهۆی شەپۆلی بەفربارین سەرما کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆ ئەوەی بڕی کارەبا بەشێوەیەکی باشتر دابەش بکرێت، بڕیارماندا بڕی کارەبای ماڵان لە 40 ئەمپێرەوە بکرێت بە 30 ئەمپێر، ئەمەش لەپێناو درێژ کردنەوەی کاتەکانی کارەبا”.

بەهۆی بەفر بارین و دابەزینی پلەكانی گەرمی بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی، لە چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان بەشێك لە تۆڕەكانی كارەبا دووچاری گرفتی تەكنیكی بوونەوە، هاوکات ئاستەنگی ھاتووچۆ بۆ تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا دروستکردووە.

لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا 242 فیدەری كارەبا لە ھەرێمی كوردستان لە كاركەوتوونە، ئەمەش وایكردووە گرفت بۆ ھێڵەكانی گواستنەوە و تۆڕەكانی كارەبا دروستبکات. بەشێك لە ھاووڵاتییان پێیانوایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی كارەبا بۆ كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبا لە بەرژەوەندی گشتی دایە، چونكە ئێستا خواست لەسەر كارەبا زیادیكردووە.