جموجۆڵەکانی داعش کاریگەریی لەسەر هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نابێت

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە چەند هێرشێکی خوێناوی ڕاگەیاند بۆسەر سوپای عێراق، موقتەدا سەدر، کە حزبەکەی سەرۆکایەتیی زۆرترین کورسی پەرلەمان دەکات، ئەوەی ڕاگەیاند، ئەو هێرشانەی داعش هیچ کاریگەرییان لەسەر هەوڵەکانی پێکهێنانی حکووەت زۆرینەی نیشتیمانی نابێت.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لەبارەی هێرشەکانی داعشەوە، لە تویتێکدا ڕایگەیاندوو؛ نابێت کردەوەکانی داعش، ورەی گەل و چاکسازیکاران، بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دابەزێنن”.
هەروەها نووسیویەتی “کەسانێک بابەتی تیرۆر زیاد لە پێویست گەورە دەکەن، بۆ بڵاوکردنەوەی ترس، تۆقاندن و تایەفەگەری لەنێو خەڵکی عێراق”.
لە کۆتاییشدا سەدر، داوا لە گرووپە چەکدارییەکەی، سەرایا سەلام دەکات “هاوشانی هێزە ئەمنییەکان، لەوپەڕی ئامادەباشیدابن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک”.
ئەم تویتەی سەدریش وا لێکدرایەوە، سوورە لەسەر داخوازییەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت ناکات و هیچ شتێکیش بە لەمپەر نازانێت لەبەردەم پرۆسەکەدا.
ئەوەی تا ئێستا ڕوون نییە و یەکلایی نەبووەتەوە، بابەتی کۆدەنگییە لەنێو لایەنەکان، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تا ئێستا بە دەنگێکی یەکگرتوو و ڕوون ئەوەیان نەدرکاندووە کە ئایا بە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتیمانی ڕازین و بەشداری دەکەن بە پێی بەرکەوتەی خۆیان یان ئەوەتە لێی دەکشێنەوە و بەشداری تێدا ناکەن. بۆ ئەمە هەڵوێست و داواکاریی جیاواز جیاوازیان هەیە، هەرچەندە موقتەدا سەدر گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون لەپێناو بەشداریکردنیان.
ئەوەی سەبارەت بەناوخۆشە، پێدەچێت پۆستی سەرکۆمار، ئەمجارەیان مشتومڕی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت و هەروا ئاسان پارتی ئامادە نەبێت جارێکی دیکە وەک دیاری ئەو پۆستە بە یەکێتی ببەخشێتەوە، چونکە بە بڕوای پارتی هیچ پۆستێک تاپۆ نییە و ئەوە هەڵبژاردنە پۆستەکان یەکلایی دەکاتەوە. ئەگەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە لە ئاستی باڵا پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو بابەتە ڕای خۆیان بە یەکتر گوتبێت، بەڵام تا ئێستا نە پارتی و نە یەکێتی ڕاگەیەندراوی فەرمی و لێدوانی فەرمیان لەسەر دوایین پێشهاتەکان لەوبارەیەوە نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕەوتی سەدر، جارێکی دیکە ئەوە بە بیر نەیارانی دێنێتەوە، کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد و سوننە، بە ئاسانی دەتوانن پۆستی سەرۆکوەزیران تێپەڕێنن و سەرچاوەیەکی ڕەوتەکە ئەوەی بە میدیاکان وتووە؛ رەوتەکەیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە کورد و سوننە، دەنگی پێویستییان هەیە، بۆ تێپەڕاندنی دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکەی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکە و ڕایگەیاندووە؛ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئاسان دەبێت دوای ئەوەی کورد لەسەر پۆستی سەکۆمار لەسەر کەسێک ڕێکدەکەون.
لە لایەکی دیکەشەوە، هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و لێکنزیککردنەوەی لایەنە شیعەکان بەردەوامی هەیە و هەندێک لایەن لە هەوڵی ئەوەدان سەقفی داواکاریی هەردوو بەرەی حکوومەتی زۆرینە و حکوومەتی تەوافقی کە داواکاری لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، لێک نزیک بکرێنەوە و ماڵی شیعە یەکبخرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر