سیهاد بارزانی:لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت؛ داعش لە هەر شوێنێک هەبێت و پشێوی دروست بێت مەترسییە بۆ سەر هەموو ناوچەکە، بۆیە دەبێ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش”.

دوێنێ، لە میانەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی كۆتاییهێنان بە خولێكی مەشقی پیادەی 5ی فەرماندەیی ھێزەكانی پشتیوانی 1 کە تیایدا ٢٥٠ پێشمەرگە بەشدارییان کردبوو، وەزیری پێشمەرگە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دوا و، سەبارەت بە ڕەوشی ناجێگیری شنگال، گوتی؛ عێراق خۆی بەرپرسیاریەتی پاراستنی شنگالی گرتووەتە ئەستۆ، سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی لە شنگالن، ئێستا ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی شنگال”.
باسی لە مەترسییەکانی چالاکبوونەوەی داعش کرد لە ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند؛ داعش لە هەر شوێنێک هەبێت و پشێوی دروست بێت مەترسییە بۆ سەر هەموو ناوچەکە، بۆیە دەبێ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش”.
وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەشکرد، کارە ئیدارییەکانی ئەو ٢ لیوا هاوبەشەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق تەواو بووە گوتی؛ هەموو پێویستییەکانمان بۆ حکومەتی عێراق رەوانە کردووە، چاوەڕێین لە دوو رۆژی داهاتوودا وەڵام بدرێتەوە، لە هەموو روێکەوە کارە ئیدارییەکان تەواو بووە ئێستا ئەو دوو لیوایە بەشێکن لە سوپای عێراق، رەنگە هەندێک گرفتی هونەریی و ئەمنی مابێت”.
هەروەها سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، کە ئاادەی ڕێوڕەسمەکە بوو، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ڕایگەیاند؛ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وێڕای سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گوتی: ”خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە و بەتایبەتی سوپاسی ئەمریکایشی کرد کە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە”.
ئەم هەوڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و لە یەکخستنەوەی هێزەکانی و ئەو خولەشی کە دوێنێ کۆتایی پێ هێنرا مەشق و ڕاهێنانە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکە و فەرماندەییە تایبەتەکان و لەم خولەدا پێشمەرگەکان مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر تەکنیکە سەربازییەکان و کۆمەڵێک میکانیزمی پەیوەست بە بواری سەربازی پێ کراوە.