پارێزگاری هەولێر بۆ کۆنسوڵی کۆریای باشوور: هەولێری پایتەخت هەمیشە تۆى وەک کەسێکى خۆشەویست لەیاد دەبێت

کونسڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە 2022.1.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونى مەسعود ڕەش، جێگرى پارێزگار،  لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە (چۆی کوای ژین) کونسڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، کونسڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا مەبەست لەسەردانەکەی ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بە کارەکانی وەکو کونسڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر و لەشوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵی تازەى دەستنیشانکردووە و لەمنزیکانە دەست بەکاردەبێت، (چۆی کوای ژین) سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێریشی کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی لەماوەی ڕابردوودا پێشکەشى کراوە و وتی، “له‌ ماوەى ئەو سێ ساڵەى كه‌ له‌ هه‌ولێر ژیاوم خۆشترین کاتەکانى ژیانم بووە، بۆیە هەرگیز هەولێر و دۆستانى ئەوشارە لە بیرناکەم و بۆ هەمیشە هەولێر لەدڵمدا دەمێنێتەوە، ئەمڕۆش زۆر دڵگرانم کە جێتان دەهێڵم”.
لەبەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێزیان، دواى ھەڵسەنگاندنی بۆ کارەکانی لەماوەی رابردوودا لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور لە بوارى سیاسی، کەلتوورى ، هونەرى، ڕایگەیاند: “لە ماوەى 17 ساڵى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆریای باشوور، بەڕێزتان سەلماندتان کە بەهەق دۆستى ئێمەن، لەلایک دڵگرانین بە ماڵئاوایت و لەلایەکى ترەوە ھیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لە ئەرک و کارە نوێیەکەتان، هەولێری پایتەخت هەمیشە تۆى وەک کەسێکى خۆشەویست لەیاد دەبێت و خوازیارین لەگەڵ کونسڵى نوێى وڵاتەکەتان کاری ھاوبەشی گرنگ و پێویست بەیەکەوە ئەنجام بدەین”.
پارێزگاری هەولێر، هەوروەها وتی: “شانازی بە پەیوەندییەکانمان دەکەین و لەگەڵ گەلی کوریای باشوور كه‌ نزیکایه‌تیه‌كى زۆرى کەلتوور و فەرهەنگی و خاڵى هاوبەشی زۆر لەنێوانماندا هەیە، پەرەپێدانى زیاتر بەم هاوبەشییەی نێوانمان یەکێک لە هۆکارەکانى بەڕێزتان بوون، ئومێد دەکەین لەداهاتوودا لەگەڵ کونسڵى نوێ هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیمان هەبێت لە پێناو تۆکمەترکردنى ئه‌و دۆستایەتیە و گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆریاى باشوور”.
لەکۆتایشدا لەبەرامبەر لەکار و خزمەتەکردنی لەهەرێمی کوردستان و هەولێرى پایتەخت، لەلایەن پارێزگاری هەولێر دیاریەک وەک ڕێزلێنان و یادەوەرى ئیدارەی پارێزگای هەولێری پێشکەش بە (چۆی کوای ژین) کرا و دووبارە کونسڵی گشتیی کۆریای باشور لە هەولێر، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى لەماوەى کارکردنى لە هەولێرى پایتەخت لە ڕایککردنى کارەکانى پێشکەشی کراوە.

ھەواڵی زیاتر