هەرێمی کوردستان و عێراق جەخت لە هەماهەنگی بۆ ریشەکێشکردنی داعش دەکەنەوە

لە کاتێکدا لایەنەکانی عێراق خەریکی پێکهێنانی حکومەتن، هێرش و هەوڵەکانی داعش بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەستیان پێکردەوە.
لە دیالە داعش هێرشی کرد و 11 سەربازی کوشت و دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆز کرد، پاش ئەوەی هێرشەکە کرایە سەر خاڵێکی پشکنین لەو وڵاتە، لە سووریاش هەوڵی دا کۆنتڕۆڵی زیندانی غوێران بکات .

سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دوای هێرشەکەی دیالە سەرکۆنەیان کرد و جەخت لەوە دەکەن کە داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر عێراق و ئاسایشەکەی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند:” پێویستە هەماهەنگی تەواو لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت بۆ بنەبڕکردنی هێرشەکانی داعش .
هاوکات دوای ئەو هێرشە،مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەپێی ئەو تویتەی مەسرور بارزانی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە کردوویەتی جەختی لەوە کردووەتەوە،زۆر نیگەرانم لە بەردەوامی هێرشەکانی داعش لە وڵاتدا،قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد و هێرشەکە شەرمەزار دەکەم،هەردووکمان هاوڕا بووین کە هێرشەکان بەتایبەت هێرشی سەر سەر پێشمەرگە بیرهێنانەوەی ئەوەیە کە هەڕەشەی تیرۆر هێشتا لەسەر هەموومان ماوە .
بەپێی راپۆرتێکی پشکنەری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا،داعش لاواز بووە بەڵام هێشتا شانەکانی ماون و هەڕەشەی جیدین لەسەر بەرژەوەدییەکانی ئەمریکا و هاوبەشانی لە ناوچەکەدا،بەپێی راپۆرتەکە داعش سەرەڕای لاواز بوونی بەڵام لە هەندێك شوێن توانای ئەوەی هەیە بە کۆمەڵێکچەکدارەوە ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەکان،مەترسی ئەوەش هەیە هێرشەکان زیاتریش بێت .
ئەو هەڕەشە و هێرشانە لەکاتێکدان کە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گۆڕاوە بەڵام هێشتا 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق ماون و عێراقیش پێویستی بە مانەوەیان بۆ هاوکاری لۆجستی و مەشق و راهێنان .
بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای واشنتن داعش خەریکی خۆ رێکخستنەوەیە لە عێراق و پێشبینی هێرشی زیاتری رێکخراوەکە دەکرێت، پەیمانگاکە دەڵێ :”داعش ئەوەی سەلماندووە هێشتا دوژمنێکی سەرسەختی هەمووانە،بۆیە کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی داعش پێویستییە و دەبێت ئەمریکا لە پێشینەی کارەکانی دایبنێت،رێکخراوەکە دەستی گەیشتووەتە چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە ناوچەی جیاواز هێرشیان پێ دەکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەمریکا و هاوبەشانی پێویستە بیر لە رێگەی جیاواز بکەنەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە هەڕەشە و هێرشەکانی داعش کەمبکرێتەوە .
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە:” بڕیاربەدەستان پێویستە بیریان بێ راستە داعش وەکو ناوچە هیچ ناوچەیەکی لەدەست نەماوە لە عێراق، سووریا،یەمەن، ئەفغانستان،لیبیا و نایجیریا،بەڵام هێشتا دەتوانن لەو وڵاتانەوە ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا و ئەوروپاش.
راپۆرتەکە داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات،چاو بە بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕەستدا بخشێنێتەوە،دەبێت ئەمریکا بیر لە رێگەچارەیەک بکاتەوە بە ژماریەکی کەمی سەربازانی لە عێراق هاوکارێکی چالاک بێت بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی داعش .

ھەواڵی زیاتر