وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ:250 بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم، رایگەیاند، ئێستا 17 بەنداو لە هەرێمی کوردستان هەن، 19 بەنداویش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، بەپێی ئەو ماستەر پلانەی کە هەیە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی 250 بەنداو، بەوەش هەرێمی کوردستان لە مەترسی کەم ئاوی رزگار دەبێت.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وایان لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، ئاو بە زێڕی شین ناو ببەن و، کار بۆ ئەوە دەکرێت کە لە داهاتوودا ئاو بەرامبەر بە نەوت مامەڵەی پێوە بکرێت.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیە دەچن، جەنگی داهاتوو جەنگی ئاو بێت، بەڵام ئەو جەنگە پێویستی بە قەڵخان و فیشەک و تانک و زرێپۆش نییە، تەنانەت ئەو وڵاتانەشی خاوەنی رێژەیەکی زۆر یەدەگی نەوتن، مەترسییان لە کەمبوونەوەی رێژەی ئاو هەیە.
بەپێی داتای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە جیهاندا 40 ملیۆن کەس بەهۆی شەڕ و وێرانکارییەکانەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە، بەڵام نزیکەی 25 بۆ 30 ملیۆن کە بەهۆی کەمئاوی و پیسبوونی ئاوەوە ئاوارە بوون.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 20 ملیۆن مەتر سێجا باران دەبارێت، لە هەندێک ناوچەش لافاو دروست دەبێت، بەڵام لەگەڵ رێژەی زۆری بارانبارین، لە وەرزی هاویندا وشکەساڵی روو لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان‌ دەکات، هۆکارەکەشی سوود وەرنەگرتنە لە ئاوی باران.
بە ‌دروستکردنی بەنداو دەتوانرێت کێشەی وشکەساڵی چارەسەربکرێت و، مەترسی لافاویش لەسەر دانیشتووانی گوند و شارەکان نەمێنێت، دروستکردنی بەنداو بەدەر لە گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵی، سوودی دیکەشی هەیە و دەتوانرێت بەوهۆیەوە زۆربەی ئەو ناوچانە بکرێنە ناوچەی گەشتیاری.
هەرێمی کوردستان خاوەنی 17 بەنداوە کە سێیان بەنداوی گەورە و چواردەشیان بەنداوی بچووک و مام ناوەندن، خۆشبەختانە ئەمساڵ زۆربەی بەنداوە بچووکەکان پڕبوونە لە ئاو، بەنداوە گەورەکانیش زیاترن لە نیوە، بەجۆرێک دووکان 4 ملیار و چوارسەد و سی ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاوی تێدایە کە دەکاتە زیارتر 60%، دەربەندیخانیش ملیارێک و نیو مەتر چوارگۆشە ئاوی تێدایە، ئاوی ئەم بەنداوانە لە زۆر بوار سوودی لێ دەبیندرێت لەوانەش کارپێکردنی وێستگەی کارەبا، بەکارهێنانی لە بواری کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ماسی، جگە لە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار”.
حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە “هەولێر” ی راگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆر ئاوی بەنداوەکان بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد بووە، کە لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، 19 بەنداویش کاریان تێدا دەکرێت و لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، جگە لەوەش نۆ بەنداوی دیکە کاریان لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بکەونە قۆناغی جێبەجێ کردن، کە بەنداوی گەورە و مام ناوەند لە خۆ دەگرێت، کە ئێستا لە تەندەردانە، بۆ ئەوەی بەشێک لەوانەش بکەونە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەشڵێ:” ئەو بەنداوانە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ گلدانەوەی ئاو، بۆ ئاوی ژێر زەوی، سامانی ماسی، هەروەها بۆ گەشتوگوزاریش سوودێکی زۆر باشیان دەبێت، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری زۆر باشیان هەیە، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی خۆیان، هەروەها بەپێی ئەو ماستەر پلانەی کە هەیە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن 250 بەنداو، بەوەش هەرێمی کوردستان لە مەترسی کەم ئاوی رزگار دەبێت”.

ھەواڵی زیاتر