پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند، سبەی پشووە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و هەر تاقیکردنەوەیەکیش ئەنجام نەدرابێت لە ڕۆژی سێشەممە بەپێی خشتەیەکی تایبەت دیاری دەکرێت.
بەڕیوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر (ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، دەورووبەری هەولێر، کۆیە، شەقڵاوە، خەبات، مەخموور، سۆران، مێرگەسوور، چۆمان، ڕواندوز) ئاگادار دەکەینەوە، پاش هەردوو ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەبارەت بە ڕاگەیاندنی پشوو بۆ ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابییان بڕیارماندا بە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لە ڕۆژی پێنج شەممە.
ئاماژەی بەوەشکراوە کە لە ڕێکەوتی (2022/01/20) لە گشت ناوەندەکانی خوێندن بە قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان هەر تاقیکردنەوەیەک ئەنجام نەدرابێت لەسنووری پەروەردەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لە رۆژی سێشەممەوە (2022/01/25) بە پێی خشتەیەکی تایبەت کە لە لایەن کارگێری قوتابخانەکانەوە دیاری دەکرێت دەست پێ دەکەنەوە.

