لە هەولێر بە 10 هەزار دۆلار نوشتەی بۆ ژنێک کردووە

فاڵچیەک لە هەولێر دەستگیر کرا، بە بڕی 10 هەزار دۆلار نوشتەی بۆ ژنێک کردووە، دواتر ژنەکە زانیوییەتی فێڵی لێکراوە، سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە.

موقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: “کەسێک لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەستگیر کرا، فاڵی بۆ خەڵک گرتووەتەوە و نوشتەی بۆ دروستکردون، نوشتەی بۆ ژنێک کردووە بە 10 هەزار دۆلار، ئەو ژنە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کردووە کە ئەوەی ئەو ویستویەتی ئەوە نەبووە و فێڵی لێکردووە”.

گوتیشی: “پاش دەستگیر وەرگرتنی وتەی لەلایەن پۆلیس فاڵچییەکە رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە کرا، دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیکردنی بۆ دەرکرد و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکرا”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “دوای سکاڵای ئەو ژنە هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونێکی چڕیان کرد، لە ماوەیەکی کەمدا توانرا ئەو فاڵچییە دەستگیر بکرێت”.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، باسی لەوەشکرد: “لەکاتی دەستگیر کردنی دەست بەسەر زۆر لەو کەرستانەدا گیرا کە بۆ فاڵ و نوشتە بەکاریهێناوە. لە وتەکانیدا ئاشکرای کرد کە خەڵکیکی زۆر هاتووەتە لای و فاڵ و نوشتەی بۆ کردون و پارەی زۆری لێوەرگرتوون”.

ھەواڵی زیاتر