سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم: مانگی داهاتوو بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی دەربارەی ژینگە دەبەسترێت

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم،ڕایدەگەیەنێت، سەرەتای مانگی داهاتوو بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی دەبەسترێت، کۆنفڕانسەکەش بەناوی “وەبەرهێنانی ژینگەیی هەنگاوێک بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بەردەوام” دەبێت. دەشڵێ، کابینەی نۆیەم توانی پرسی ژینگە لە هەرێمی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی جیهان.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دەڵێ:” لە هەرێمی کوردستان 220 رێکخراوی ژینگەیی هەن، کارنامەی کابینەی نۆیەم لەسەرەتاوە بە شێوازێکی زۆر ژینگە پارێزانە لە ماددەی 10 بەشی خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی زۆر بەهێز باسی ژینگەی کردووە، ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە، لەو پێناوەدا دوو ئەرکی سەرەکی خستۆتە ئەستۆی ئێمە، یەکێکیان بریتیە لە بەردەوام بوون، لە هۆشیار کردنەوەی ژینگەیی، بایەخدان بە کەلتورکردنی ژینگەپارێزی، ئەوەی دیکە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەیەکان، هەروەها لە خاڵێکی دیکەدا بۆ باشتر بەرێوەچوونی کارەکانی دەستە ئەنجوومەنێک هەیە، پێی دەوترێت ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە، ئەو ئەنجوومەنە جارێکی دیکە بووژایەوە، چونکە دەستەی ژینگە، دەستەیەکی چاودێری و هەماهەنگی و بەدواداچوونە و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەیە، کە ئەو ئەنجوومەنە دوو مانگ جارێک کۆ دەبێتەوە و 14 وەزارەت تێدا ئەندامن، هەروەها سەرۆکی حکوومەت پەیڕەوێکی بووژاندەوە، پێی دەوترێت پەیڕەوی ژمارە 9ی ساڵی 2011، کە ئەو پەیڕەوە بەناوی پاراستنی سرووشتییەکانە، کە 10 ساڵبوو کاری پێ نەدەکرا، ئێستا خراوەتە کار و رۆژانە کارەکانی خۆی دەکات، هەروەها هەموو پارێزگایەک و ئیدارە سەربەخۆیەکان رۆژێکیان بۆ خۆ دیاری کردووە وەکو رۆژی ژینگە، جگە لەوەی رۆژی ژینگەی کوردستانیش هەیە، خاڵێکی دیکە لە بایەخدانی حکوومەتی هەرێم بە ژینگە، توانی هەرێمی کوردستانی بخاتە سەر نەخشەی جیهان لە بواری گۆڕانکاری کەشو هەوا، شاندی ژینگەی هەرێم بەشداری کرد لە کۆنفڕانس و کۆنگرەی گلاسکۆ بۆ گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا لە بەریتانیا”.
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، دەشڵێ: “لەسەرەتای مانگی داهاتوو بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی دەبەسترێت و سەرۆکی حکوومەت وتاریشی دەبێت، کۆنفڕانسەکە لەژێر ناوی “وەبەرهێنانی ژینگەیی هەنگاوێک بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بەردەوام” چونکە ژینگە لە جیهان بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت، لە کوردستانیش ئەو کۆنفڕانسە دەبەسترێت، بە هەماهەنگی دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی ژینگە دەبێت، کۆنفڕانسێکی گرنگ دەبێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ، عێراق و دەرەوە بەشداری تێدا دەکەن و گرنگیەکی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر