لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان قاچاخچێتی زیاتر بووە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی، دەڵێ، ئێستا زیاتر لە جاران لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان کاری قاچاخچێتی دەکرێت، ئەوەش هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان.

دیاردەی قاچاخچیەتی و نەگەڕانەوەی زۆربەی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی گشتی حکوومەت وایکردووە حکوومەت نەتوانێت بەبێ رەوانە کردنی پارەی بەغدا هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچە دابەش بکات.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە داهاتی پارێزگای سلێمانی هەمووی ناگەڕێتەوە گەنجینەی گشتی، هۆکارەکەشی سیاسی و تەکنیکین، داواش کراوە زیاتر لە 700 کۆمپانیای نەوت باج بدەن.
راپۆرتێکی وردی لیژنەی دارایی لەسەر خەرجییەکان و داهاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خراوەتە بەردەم پەرلەمانتاران، راپۆرتەکە بە وردی سەرچاوەکانی داهات و بڕی داهاتیشی تێدایە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 255 هەزار مووچەخۆر هەن و مانگانە حکوومەت نزیکەی 900 ملیار دیناری پێویستە بۆ دابینکردنی مووچە و دەرماڵەکانیان، لەو ژمارەیە 60% فەرمانبەرن و ئەوانی دیکەش خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسوکاری شەهیدانن.بەپێ راپۆرتەکە لەسەدا 90ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەیە، بۆ مووچەی یەک مانگیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوستی بە 902 ملیار دینارە، تەنیا 137 ملیار دینار داهاتی حکوومەت بۆ خەرجییەکانی تەشغیلی و پێشینەی فەرمانگەکان و خەرجی خزمەتگوزاری ‎وەبەرهێنانی پڕۆژەکانە بەمەش لەسەدا 10ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆژە و خەرجیەکانیەتی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە فرۆشتنی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلار لە خەرجی بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 422 هەزار بەرمیل نەوتە، کە 22 هەزاری رۆژانەی بۆ خواستی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمیکردوە، چونکە کۆمپانیاکان پەرەیان بە کێڵگە نەوتییەکان نەداوە.
ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” دوو هۆکار هەن بۆ نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ خەزێنەی حکوومەت، لەوانەش هۆکاری سیاسی، هەروەها بەرژەوەندی کەسی، کە پێش بەرژەوەندی گشتی کەوتووە، ئەگەر هاتبا داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی داهاتی دەروازەکان گەڕابایەوە خەزێنەی حکوومەت بێ ئەوەی چاوەڕێی ئەو 200 ملیار دینارەی بەغدا بکەین، هەموو مانگێک لە کاتی خۆی مووچە دابەش دەکرا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ:” هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنوورییەکان پێک نەهاتووە، ئەگەر ئەو هێزە پێکهاتبا، لە دەروازە سنوورییەکان قاچاخچێتی نەدەما و خۆراکی ماوە بەسەر چوو لە دەروازەکان داخیلی هەرێمی کوردستان نەدەبوو، کە ئێستا زیاتر لە جاران لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخان کاری قاچاخچێتی دەکرێت، ئەوەش هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر