پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سلێمانی.. زیاتر لە 100 فیدەرى کارەبا به‌هۆی به‌فربارینه‌وه‌ زیانی پێگه‌یشتووه‌

بەڕێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، به‌هۆی به‌فر بارینه‌وه‌ زیاتر لە 100 فیدەرى دابەشکردنى کارەباى سنوورى پارێزگاى سلێمانى زیانی پێگه‌یشتووه‌، كه‌ تەنیا لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى 67 فیدەر زیانى به‌ركه‌وتووه‌ و 7 محەویلەى کارەباش سووتاوە.

ئەندازیار ئەنوەر حه‌مە سه‌عید، لێپرسراوى بەشى پلان لە بەڕێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى رایگەیاند، بەفربارین زیانى بە 67 فیدەرى کارەباى سنوورى بەرێوەبەرایەتى دابەشکردنى کارەباى سلێمانى گەیاندوە و هەر دوێنێش 50 فیدەریان چاککراوەتەوە و کارەباى بۆ گەڕاوەتەوە، 10 فیدەریان ماوە ئەمڕۆ چاک دەکرێنەوە.

سەبارە بەهۆى لە کارکەوتنى فیدەرەکان، گوتیشی: زۆربەى کێشەکان بەهۆى درەختى سەر شەقامەکان بووە، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى دروستبوونى شۆرتى کارەبا و کەوتنى فیدەرەکان، به‌ڵام بەشى باخچەکان هاوکارمان نین لە هەڵپاچینى درەختەکان و دورخستنەوەیان لە تۆڕەکانى کارەبا، ئەوەش لە وەرزى زستاندا کێشە بۆ تۆڕەکانى دابەشکردنى کارەبا دروست دەکەن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لە دەرەوەى شارى سلێمانى، ئیدارەى راپەڕین، دوکان و چەمچەماڵ، ژمارەیه‌ك فیدەرى کارەبا کێشەیان بۆ دروست بوو، تیمەکانى چاکسازیی تۆڕەکانى توانیان زۆربەیان چارەسەر بکەن و کارەبایان بۆ بگێڕنەوە.