بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتی و ھەڤاڵانی بۆردی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان..
بەبۆنەی (٢٣)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی كەناڵە ئازیزەکەتان دەكەین و، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو لەهەموو روویەكەوە بەرەو پێش بچن.
كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی، كە بە بڕیار و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعوود بارزانی وەکو یەکەمین کەناڵی ئاسمانی لە ھەرێمی کوردستا دامەزرا، هەمیشە خاوەن پەیامی روون و راستگۆیانەی خۆی بووە و لەو تەمەنە پڕ بەخششەی توانیویەتی بە بەرنامە و پلانێكی رێكوپێك و بەگیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانە خزمەت بەو بوارە بكات.
كەناڵیی ئاسمانی كوردستان، بە هەوڵ و كۆششی بێوچانی بەرپرس و میدیاكارانی توانیویەتی پیشەوەرانە مامەڵە لەگەڵ بابەت و هەواڵ و رووداوەكان بكات و لە ئاست ئەو ئەرك و كارە دابێت بۆ خزمەتكردن و جێ بەجێكردنی خواست و ویستی بینەران و هاووڵاتیان.
رۆڵ و كاریگەری میدیا لەو رەوشە هەستیار و گرنگەی ئەمڕۆ زۆر بایەخدارە، بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش (Ktv) هەمیشە شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی لەخۆبردووانە و ماندوونەناسانە بە ئەركی پیرۆزی خۆی هەستاوە كە مایەی رێز و دەستخۆشیە.
لەم یادەدا جەخت لەسەر گرنگی ئەركی ئێوە و گشت كەناڵەكانی دیكەی میدیایی دەكەینەوە كە بەوپەڕی راستگۆیی و پیشەییانە و خەمخۆرنە لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە دابن بۆ خستنەڕووی كێشە و كەموكوڕیەكان و قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و یەكڕیزی لە ناو كۆمەڵگەی كوردستانیدا.
جارێكی دیكە وێرای سوپاسگوزاری و دەسخۆشیمان پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی دەزگاكەتان وەك دامەزراوەیەكی میدیایی هاوچەرخ و پرۆفیشناڵ دووپات دەكەینەوە و، ئومێدەوارین هەر لەپێشكەوتن و سەركەوتندابن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢