پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی جیمس تاون: چارەسەرنەکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، داعشیان بەهێزتر کردووە

چارەسەرنەکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی تایفی لە عێراق، دەرفەتی زێڕینن بۆ چەکدارانی تیرۆریستی داعش تا زیاتر خۆیان ڕێک بخەنەوە و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە ببن بە مەترسیی جیددی بۆ سەر تەواوی عێراق. دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی تیشکی خستۆتە سەر ئەم پرسە و داوای جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و سەجەم کێشە هەڵواسراوەکان دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە زیاتر بەهێزبوونی داعش بگیرێت.

پێشتر چەند جارێک هۆشداری مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانی داعش لە لایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان درابوو و بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە ئاگادار کردبووەوە کەڵەکەبوونی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ئاسایش و ئارامی لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە تۆراندووە.
ئەم جارە ناوەندە ئەکادیمییەکانیش ئاماژە بە هەمان مەترسی دەکەن. ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی جیمس تاون لە نوێترین ڕاپۆرتیدا باسی لەوە کردووە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەرفەتی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای قۆستۆتەوە و پێگەی خۆی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تایبەتی چیاکانی حەمرین زیاتر بەهێز کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بە زنجیرە چیاکانی حەمرین لە پارێزگای دیالە کردووە کە شوێنێکی زۆر ستراتیژییە و نائارامبوونی ئەو ناوچانە کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دەوروبەر و تەواوی عێراقدا هەیە.
وەک ئاشکرایە پارێزگای دیالەهەر یەک لە پارێزگاکانی سلێمانی، بەغدا، کەرکووک، واست و سەلاحەدین بە یەک گرێ دەدات و ڕێگە سەرەکییەکانیش کە بەو پارێزگایەدا تێ دەپەڕن، تا ئەنبار و مووسڵ درێژەیان هەیە و هەر گرووپێکی چەکدار لەو ناوچانە دەسەڵاتی هەبێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
جێی باسە هەر یەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و واست و دیالە لەگەڵ ئێران دراوسێن و تیرۆریستان لە زۆر شوێنەوە بە ئاسانی دەستیان بەو ناوچەیە ڕادەگات.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە چیاکانی حەمرین گرنگترین بنکەن بۆ چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی بتوانن کردەی تیرۆریستی نوێ ئەنجام بدەن. بەهێزبوونەوەی داعش لەو شوێنە ستراتیژییە یارمەتیی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەی داوە تەنانەت لە بەغداش کردەی تیرۆریستی بكات.
لە هەندێک گوندی پارێزگای دیالە، حکوومەتی عێراق هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی بەسەر خەڵکدا نییە و تەنانەت دانیشتووانی گوندەکان بۆ ئەوەی لە زیانەکانی داعش و مەترسییەکانی پارێزراو بن، مانگانە ٥٠ دۆلار باج بە داعش دەدەن.هەموو هەوڵێکی داعش ئەوەیە ناکۆکییە تایفییەکان لە عێراق پەرە بستێنن و ئەویش ئەسبی خۆی زیاتر تاو بدات.
دامەزراوەکە ئاماژەی بە هۆکارێکی زۆر گرنگ و سەرەکی بۆ بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە ئەویش بریتییە لە چارەسەر نەبوونی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. باس لەوە کراوە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە هەندێک شوێن هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازییان هەبێت ئەوا لە زۆرشوێن نییانە و یەکێک لەو شوێنانەش ناوچەکانی پارێزگای دیالەیە و بۆشایی ئەمنی وای کردووە چەکدارانی داعش لەم ناوچەیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر ببن.
چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ خەڵکی ناوچە کورستانییەکان و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بە گرنگترین فاکتەرەکانی پاشەکشەکردن بە داعش هەژمار دەکرێت.
دۆخی ئەو ناوچانە لە کاتێکدا ئاڵۆز بووە کە لە لایەک ئەرکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی هاتووە و لە لایەکی تر هێشتا حکوومەتی نوێی عێراق دانەمەزراو و میلیشیاکانیش بەربەستێکی سەرەکی بوون لە پشێوی و ئاڵۆزییەکانی عێراق و ئەگەر حکوومەتی نوێی عێراق پێش بە چالاکییەکانی ئەو میلیشیایانە بگرێت ئەوا بە هاوکاریی پێشمەرگە باشتر دەتواێت ئاسایش و ئارامی دابین بکات.
کورد لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق ڕۆڵی کاریگەر و باڵای هەیە و دەتوانێت بە گەرەنتیکردنی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغدا بە هاوکاریی حکوومەتی عێراق هەنگاو بۆ زیاتر چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی بدات و پاشەکشە بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای عێراقیش هەندێک ڕێککەوتنی سەربازی و ئەمنی گرنگی هەیە کە بە خاوی جێبەجێ دەکرێن و ڕەنگە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەش بە حکوومەتی داهاتوو بسپێردرێن و سەرخستنیان بە واتای پاشەکشەکردن بە داعش و ئاڵۆزتربوونی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغداش بە واتای بەهێزتربوونەوەی داعش لێک دەدرێتەوە.