كارزان گلی – ههولێر
بۆ 100 ساڵ دەچێت، حكوومەتی توركیا رێگە نادات كورد بە زمانی دایك بخوێنێت، بەڵام لە باكووری كوردستان، هەوڵەكان چڕ كراوەتەوە تا بتوانن لەمساڵدا ئیدی خوێندن بە زمانی كوردی ببێتە یاسا و ئەو یاسايە كۆتایی پێ بێت.
بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، لە هەر قوتابخانەیەك، 10 كەس ناوی خۆیان تۆمار بكەن بۆ ئەوەی بیانەوێت بە كوردی بخوێنن، بەڕێوەبەری قوتابخانە ناچار دەبێت خوێندن بكاتە زمانی كوردی و بە فەرمی بكرێت. بۆیە لە باكووری كوردستان، هەڵمەتێكی گەورە دەستپێكردووە تا هانی دایك و باوكان بدەن، منداڵەكانیان بە زمانی كوردی بخوێنن.
ئەم هەوڵە تەنیا لەلایەن هاووڵاتیانەوە ناكرێت، بەڵكوو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بەشدارن و هانی خەڵك دەدەن ناوی منداڵەكانیان تۆمار بكەن تا بە زمانی دایك بخوێنن.
ئەو پارتانەی داكۆكی لەوە دەكەن، لە باكووری كوردستان خوێندن بە زمانی دایك بێت ئەمانەن “پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، پارتی ئاینندە، پارتی دەوا، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)”
ئەم هەڵمەتە زۆر گەورە بووە، چونكە دایك و باوكانی كورد لە باكووری كوردستان، تاوەكوو ئێستا بڕوایان بەوە نییە منداڵەكانیان بە كوردی بخوێنن، دەڵێن ئەگەر گەورە بێت و خوێندن تەواو بكات بێكار دەبێت و هیچ سوودێكی نییە.
بەڵام رێكخراوە مەدەنییەكان و كەسایەتییە سیاسییەكان هانی دایك و باوكان دەدەن تا بیری لەوشێوەیە نەكەنەوە، بەڵكوو بە زمانی كوردی منداڵانیان بخەنە بەر خوێندن.
وەزارەتی پەروەردەی توركیا، ماوەی 18 رۆژی خستووەتە بەردەم هەموو دایك و باوكێك تا بژاردەی ئەو زمانە بكەن كە منداڵەكانیان پێی بخوێنن.
گۆنوول ئۆزەل، سەرۆكی لقی جەهەپە لە ئامەد، پێیوایە نابێت بە زۆرە ملێ بە قوتابیان بڵێن بە كوردی بخوێنن، دەبێت وەكوو بژاردە بیخەیتە بەردەمی و ئەویش بۆ خۆی بڕیار بدات.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر منداڵەكە بیەوێت بە زمانی دایك بخوێنێت، دەبیێت رێگەی پێ بدرێت و نابێت ئەو مافەی لێوەربگیرێتەوە.
بەڵام بەشێك لە سیاسییەكان پێیانوایە، دەبێت حكوومەت لەناو پەرلەمان یاسایەكی تایبەت بۆ خوێندن بە زمانی كوردی دەربكات، هەروەها لەوێوە بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.
پێشتریش ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا گوتبیووی :”تا لە دەستووری توركیا دان بە زمانی كوردیدا نەنێن، كورد هەست ناكات لە توركیا لەگەڵ توركدا یەكسانە“.
جیهان ئۆڵسەن، سەرۆكی لقی پارتی دەوا لە ئامەد دەڵێت: “بژاردەی وانە بە زمانی كوردی وەكوو پێویست نییە، بەڵام بەم هەلومەرجە دەبێت دۆخەكە بقۆزرێتەوە و دەبێت ئەم بابەتە بەدەنگێكی بەرز باسی لێوە بكرێت. هەروەها دەبێت حكوومەت ئەم پرسە لە پەرلەمانەوە چارەسەر بكات و یاسای بۆ دەربكات”.
پارتی ئاییندەش لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری خۆی بۆ خوێندن بە زمانی كوردی دەربڕیوە و داوا دەكات رێگە لەو منداڵانە نەگرن كە دەیانەوێت بە كوردی بخوێنن.
لە توركیا، لە زانكۆكاندا بەشی كوردی بوونی هەیە، بۆیە نزیكەی دوو هەزار دەرچووی بەشی كورد بوونیان هەیە، بەڵام تەنیا 79 كەسیان دەمەزراون، چونكە پێشوازی لە خوێدن بە زمانی كورد زۆر لاوازە و ئەوانیش دانامەزرێن و بێكارن.