لە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ کرایە پشوو

بەهۆی شەپۆلی بەفربارین و سەرما، دوو رۆژ لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای هەڵەبجە کرایە پشووی فەرمی.

پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: “لەسەر بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە، رۆژی سێشەممە و چوار شەممە پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەتدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە”.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی رایگەیاندبوو: “لەبەر دابەزینی پلەی گەرمی و بەستەڵەک و سەرما وە بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان و خوێندکاران بڕیاردرا بە راگرتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە ڕۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە و پێنج شەممە بەرواری 18 و 19 و 20ـی کانوونی دووەمی  2022 لە گشت ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومییەوە”.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رانیە رایگەیاند: “دوای راوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین پەروەردەی رانیە بەھۆی دابەزینی پلەی گەرمی و بەستەڵەک و سەرماوە، بۆ پاراستنی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بڕیاریدا، پابەندی بڕیاری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بێت بە راگرتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە بەرواری(2022/1/20/19/18) لە گشت ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومی یەوە تاقیکردنەوەکان دەچێتە (2022/1/25) بەپێی خشتەیەکی تایبەت کە لە لایەن کارگێڕی قوتابخانەکانەوە دیاری دەکرێت”.

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەوهۆیەوە لە هەندێک شوێن ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە و پلەی گەماش بە رادەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی لە رۆژانی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت و شەختە دروست دەبێت.

ھەواڵی زیاتر