جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: حکوومەتی زۆرینە لە عێراق سەر دەكەوێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر دەڵێت: بڕیارەکەی دادگا بڕیارێکی کاتییە و لەو دوو ڕۆژەدا وەڵام دەدرێتەوە و، ٨ی مانگی داھاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت. دەشڵێ، داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین کە زیاتر لە ٥٥ ماددە پێشێل کراون، گەڕانەوە بۆ دەستوور گلەیی کورد ناھێڵێت، ھەر شوێنێک پارتی لێ بێت کورد بەھێزە و دەتوانێت دەورێکی باش ببینێت و مافەکانی کورد زیاتر بە دەست بھێنێت.

  • بڕیاری دادگای ئیتحادی، کاریگەریی لەسەر کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت؟
  • دادگای ئیتحادی بڕیار لەسەر سکالاکان دەدات، بە گوێگرتن لە لایەنی بەرامبەر، کە لایەنی بەرامبەر ئێمەین ڕەتی داواکە دەدەینەوە، ئێمەش لەرووی یاساییەوە کاری خۆمان کردووە لەسەر ئەو بابەتە و لەو دوو ڕۆژەدا وەڵامی ئێمە دەدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان، دانیشتنێکی یاسایی بوو، بڕگەکان ئامادەنە و ھیچ گرفتێک دروست ناکات، تەنیا ئەوەیە دانیشتنی پەرلەمان نییە، ئەگەرنا لە رووی ئیدارییەوە ڕۆژانە کارەکان دەکرێن، ھەر خۆمان پێش ئەو بڕیارەی دادگای ئیتحادی بڕیارمان دابوو، کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێتە ھێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لەسەر سەرۆکایەتییەکانی دیکە بگەنە ڕێک کەوتن، بۆیە ئەوە ڕێکارێکی یاساییە و ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرین، لە بەرامبەریشدا داواکارییەکانی خۆمان پێشکەش کردووە و بەم نزیکانە کۆتایی بەو دۆخە دێت.
  • بڕیاری دادگا بڕیارێکی یاساییە، یان سیاسییە؟
  • بڕیارەکە یاساییە، ھەر کەسێک سکالا بکات، دەسەڵاتی حاکم بڕیار دەدات، دەسەڵاتەکان ڕادەگیرێن تا ئەو کاتەی کێشەکە یەکلا دەکرێتەوە، بەڵام کاریگەری لەسەر بارودۆخە نابێت، ھەتا کاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارانە نابێت کە پێشتر دراون، ھەروەھا کاریگەریی لەسەر دروستکردنی لیژنە بۆ پێداچوونەوەی سیڤیی سەرکۆمار و وەرگرتنی ناوەکان نابێت.
  • حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە عێراق سەرکەوتوو دەبێت؟
  • پێشتر کە خراپەیەک دەبوو، خەڵکێکی زۆر لەناو ساحەکە بوو و بەرپرسیارەتییان لەسەر خۆیان لادەدا، ئێستا ئەگەر بەو شێوەیە بچێتە سەر، سێ ھێزی سیاسی ھەن، تەمسیلی ھەر سێ پێکھاتەکە دەکەن و دەتوانن بەرپرس بن لەبەرامبەر خراپەکارییەکان ئەگەر خراپەیەک ڕوو بدات، بۆ نموونە شیعە گلەیی لە سەدر دەکات، بەڵام ئێستا ھێزێکە، ئەوە بۆ لێپێچینەوەی خەڵک باشترە، پێموایە دەبێت ئەو ھێزانە ڕابێن لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوون، ئەو دەرفەتەش بە برایانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی بزانن ئەوان چی دەکەن، سەرکەوتوو بوون ئەوە بۆ ھەموو عێراق باشە، ئەگەر سەرکەوتووشنەبوون، ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆن بوون ڕۆڵ ببین و سلبیاتی ئەوان بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بکەنە دەستکەوت و کاری لەسەر بکەن.
  • پارتی لەو ھاوپەیمانیەتییە بۆ کورد، چی دەست دەکەوێت؟
  • یەک شت ھەیە ئەویش نەگۆڕە، لە ھەر شوێنێک پارتی لێ بێت کورد بەھێزە، پارتی مساومە نازانێت، سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووم وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان کار بۆ کورد بکەم، جیا لەوەی کە خزمەتی ھەموو عێراقییەکان بکەم، لە بەسرا تا زاخۆ ناحەقی ھەبوو بە جواب بێین، بەڵام کاتێک مافێکی ئێمە پێشێل دەکرێت، نابێت بێ دەنگ بین و دەبێت وەڵامان ھەبێت، بۆیە پارتی دەتوانێت دەورێکی باش ببینێت و مافەکانی کورد زیاتر بە دەست بھێنێت.
  • بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان چی دەکەی؟
  • ڕێککەوتنی شنگال ھەیە، ئاسایی کردنەوەیدۆخی کەرکووک ھەیە، خروقاتی ئەمنی لە دیالە ھەیە، تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لەو ناوچانە کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە ئەو ناوچانە فرە پێکھاتەن، ئەگەر تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی،یان کێشەکان گەورەتر ببن، کاریگەری لەسەر ھەموو عێراق دەبێت، بۆیە ئەرکی ئێمەیە لەم قۆناغەی دابێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠ ھەوڵی بۆ بدەین و چارەسەر بکەین، داوای شتی دیکە ناکەین، داوای جێبەجێ کردنی دەستوور دەکەین کە زیاتر لە ٥٥ ماددە پێشێل کراون، گەڕانەوە بۆ دەستوور گلەیی کورد ناھێلێت، گلەیی پێکھاتەکانی دیکەش ناھێڵێت، مافی پێکھاتەکان لە دەستوور دیاری کراون، بەڵام ئەوە ھێزە سیاسییەکانە، عەقلیەتی حاکم بووە لە ماوەی ڕابردوو دەستووری پێشێل کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی”.
  • پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ئێوە چی بوو؟
  • پەیامی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە پارتی حزبێکی گەورەیە، چاوەڕێی زۆر شتی لێ دەکرێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان باش بن، ماددە دەستوورییەکان دەبێت جێبەجێ بکرێن، ئەو کێشانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن دەبێت چارەسەر بکرێن، دەبێت پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، لەو ڕوویەوە پاڵپشت و ھاوکاری ئێمە دەبێت، وا بکەین کاریگەریمان لەسەر لایەنە سیاسییەکانی تری عێراق ھەبێت، بۆ ئەوەی ھاوکاری ئێمە بن، بۆ ئەو مافانەی کە تا ئێستا نەدراون بدرێن، مافە دەستوورییەکان زامن بکەین، لەگەڵ ھێزە عێراقییەکانیش ھاوکار بین ئەگەر ئەوانیش گرفتێکیان ھەبوو لەگەڵیان بین و پشتگیریان بکەین.
  • ئایا ٨ی مانگی داھاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت؟
  • دوا مۆڵەت کە دەستووری عێراق لە ماددەی ٧٢ دەست نیشانی کردووەیەک مانگە، واتە تا ٨ی مانگی داھاتوو دەرفەتە بۆ لایەنە سیاسییەکان کە ڕێک بکەون، ئەگەر زانیمان پێش ئەو ماوەیە ڕێککەتوونە دانیشتنی پەرلەمان بەرێوە دەچێت، ئەگەرنا ھیچ دەرفەتێک نامێنێت و کۆبوونەوەی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا دەکرێت”.
ھەواڵی زیاتر