هەرێمی کوردستان دەبێتەدەیەم وڵات لە جیهاندا بۆ خاوەن یەدەکی نەوتە

نەوت سامانێکی هەرە گرنگ و پڕ بەهای ئابورییە کە سوودی زۆری هەیە و لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا رۆڵی خۆی هەیە؛ بە تایبەت لە ڕووی سیاسیەوە پێگەیەکی تایبەت دەدات بەو وڵاتەی هەیەتی.

زۆر پسپۆڕی بواری جیۆپۆلیتیک پێیان وایە كه‌ نەوت سەدا١٠ کاڵایەکی ئابوورییە و، ٪‏٩٠ کالایەکی سیاسییە.
بۆ زۆربەی وڵاتان نەوت کاڵایەکی ستراتیژیکی ئابووریە،بەو مەرجەی بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
بەو مانایەی کە چۆن نەوت ببێت بە سەرچاوەی گەشەکردنی ئابووری و سیاسیی وڵات؟
چۆن وڵاتێک، بتوانێت لە ڕێگه‌ی نەوتەوە ئامانجە ستراتیژییەکانی دەوڵەت دابڕێژێت؟ ئەگینا بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی جه‌نگ و نەھامەتی و دەردەسەری بۆ خاوەنەکەی؛ ھەروەکچۆن شاری کەرکووک لە کۆنەوە بووە بە ئامانجێکی داگیرکەران؛ کە ھەر لە زووەوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و چەندین دەوڵەتی ترەوە چاوی قۆڕخکاریی تێ بڕاوە ونەوتەکەی بووەتە مایەی دەردەسەری و نەھامەتی بۆ دانیشتوانەکەی.
سەرەتای دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوت لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست ئەو کاتەی یەکێک لە کۆمپانیا تورکییەکان لەساڵی ١٩٢٧ بوو بە یەکەم کۆمپانیا بۆ دەرھێنانی نەوت لە عێراق. یەکەم جار کە نەوت لە عێراق دەردەهێنرا و سوودی لێ وەرگیرا، لە کوردستان بوو؛ لە “بابە گوڕگوڕ”ی شاری کەرکووک، هەر لەو ڕۆژەوە تاکوو ئێستا، لە نێوان کورد و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا، لەسەر شاری کەرکووک کێشە و ململانێ هەیە. هەر لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و تا ئێستا، ئەو ململانێیە بەردەوامە. بۆ سەرکردایەتیی کورد، هەر لەسەردەمی شۆڕشەوە تا سەردەمی ئێستای سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەتی هەرێم، دەستبەردارنەبوون لەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم شارە لە ڕووی جوگرافیا و ناسنامەوە بەشێکە لە کوردستان؛ بەڵام بۆ حکوومەتەکانی عێراق، دەستبەردارنەبوون لەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو شارە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوتە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی عێراق هەیە.
ژمــــارەی كێڵگە نەوتییە دۆزراوەكانی عێراق (٧٧) كێڵگەیە، بەڵام سوودیان لە ٣٠ لەم كێڵگانە وەرگرتووە (١٠) لــــەو كێڵگانە بە كێڵگـــەی زەبەڵاح هەژمار دەكـــرێت، زۆربەی كێڵگە گرنگەكانی عێراق دەكەونە شارەكانی بەسرەو كەركوك لە دوای ئەوانیش شارەكانی میسان بەغداو سڵاحەددین و دیالەو نەینەوا.
لە ڕوی نەوتی یەدەگیشەوە بە پێ راپۆرتی ئۆپیک بڕی یەدەگی نەوتی جیهانی دەگاتە یەک تریلۆن و نیو بەرمیل، بەگوێرەی ئامارەکەی ئۆپیک عێڕاق لە پلەی پێنجەمی یەدەکی نەوتدایە لە جیهان، لەدوای ڤەنزویلاو، سعودیەو کەندا و ئێران دێت.
بە گوێرەی راپۆتی ئاژانسی جیهانی وزە لە عێڕاقدا نزیکی ١٥٠ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ بوونی هەیە، هەرێمی کوردستان خاوەنی پتر ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی عێراقە واتا نزیکی بەرێژەی ٪‏٣٠ . ئەگەر سەیری رێژەی نەوتی یەدەگی هەرێمی کوردستان بکەین وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەوە هەرێمی کوردستان لە پلەی دەیەمدایە، واتا لە دوای وڵاتی لیبیا دێت لە کاتێکدا وڵاتێکی گەورەی وەکو رووسیا لە پلەی هەشتەمدایە و ئەمریکا لە پلەی چواردەیەمدایە. بەمەش هەرێمی کوردستان دەبێتە دەیەم وڵات لە جیهاندا بۆ خاوەن یەدەکی نەوتە.
فاناشەل تایمز ئاماژە بەوە دەکات لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان نەوت زۆر نزیکە لە سەر رووی زەوی، بەمەش دەرهێنانی زۆر ئاسان دەبێت
ھاوکات بەپێ راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کەعێڕاق لە ساڵی٢٠٣٠ دەبێتە دووەم گەورەترین وڵات بۆ هەناردەکردنی نەوت لە دوای سعودییە عەرەبییە.

ھەواڵی زیاتر