ئومێد خۆشناو: زیاتر لە 76 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە 25ـی مانگەوە تا ئێستا زیاتر لە 76 هەزار گەشتیار تەنها لە ڕێگەی بازگەکانەوە هاتوونەتە هەولێر.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمشەو هەینی سەردانی شەقامی ئیسکانی شاری هەولێری کرد و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: بەپێی ئەو پلانانەی دامانڕشتبوو بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار هەموو ئامادەکارییەک کراوە لەو شوێنانەی گردبوونەوەیان لێ ڕوودەدات.

ڕاشیگەیاند: خۆشحاڵانە تا ئێستا هیچ ڕووداوێکی ئەوتۆ لەو شوێنانە ڕووینەداوە کە گردبوونەوە و قەرەباڵغیان تێدا ڕوودەدات و هیوادارین ئەو چەند کاتژمێرەی ماوە بەهەمان شێوە بێت.

ئومێد خۆشناو هەروەها ئاشکرای کرد کە لە 25ـی ئەم مانگەوە تەنها لە ڕێگەی بازگەکانەوە 76 هەزار و 648 گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد ئەم ڕێژەی کە ئاماژەی پێ کرا تەنها لە ڕێگەی بازگەکانەوە بووە، دەکرێت لە ڕێگەی فڕۆکەخانە و شوێنەکانی دیکەوە یاخود بەر لە 25ـی مانگ گەشتیارێکی زیاتر ڕوویان لە هەولێر کردبێت.

ھەواڵی زیاتر