پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی تازە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاوکردەوە و تێیدا هیوا دەخوازێت کە ساڵی نوێ ساڵی کۆتاییهاتنی کێشە و گیروگرفت و دەردەسەرییەکان بێت.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:-

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان و گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەین.

هەلومەرجی سیاسی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی، بۆیە لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر یەکڕیزی و یەکگوتاری حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی و داھاتووی عێراق کە ئەجێندایەکی ڕوون و تێروتەسەل لەخۆ بگرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و مەسەلە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان بەجۆرێک لە خزمەتی خواست و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بێت لەوانەش جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و پێداویستییەکانی ھێزی پێشمەرگە و چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووریی.

بەبۆنەی سەری ساڵی (2022)ـی زایینیەوە جارێکی دیکە بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە وەک هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆراگر و سەربەرزەکەمان دابین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و فرەڕەنگی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەو قەوارەیە و دەسکەوتەکانمان.

 هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی کۆتاییهاتنی کێشە و گیروگرفت و دەردەسەرییەکان بێت؛ ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەک لە دەرد و بەڵاو ناخۆشی و پەتای کۆڕۆنا و نەخۆشی و بەدووربن.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

ھەواڵی زیاتر