سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

ئومێد خۆشناو: 2021 ساڵێكی زه‌حمه‌ت بوو

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر په‌یامێكی به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێ بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا رایگه‌یاند، ساڵی 2021، ساڵێکی سەخت بوو، لەلایەک بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی نوێى کۆرۆنا و لەدەستدانی ئازیزان، لەلایەکى دیکەوە بەهۆى ئەو رووداوە کارەساتبارە سروشتیانەى بەسەر شارەکەماندا هات، لەهەمانکاتدا ساڵێکى پڕ لەدەستکەوتیش بوو.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سەرى ساڵى نوێ، پیرۆزبایی لە خەڵكی هەولێری پایتەخت و تەواوى خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم، هیوادارم ساڵی تازە ساڵى دەستپێكی قۆناغێكی نوێ و باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بێت.

لێرەوە بە پێویستی دەزانم، جارێکى دیكه‌ سەره‌خۆشى خۆم ئاڕاستەى شەهیدانى هێرش و پەلامارە تیرۆرستییەکانى ئەم دواییەى داعش و قوربانیانى لافاوەکەى هەولێر بکەم، هەروەها سوپاسی پارێزگاکانى دیكه‌ی هەرێم و ئیدارەى سەربەخۆکان و رێکخراوە خێرخوازى و کەسایەتییەکانى شار و شارۆچکەکانى کوردستان بکەم، كه‌ لەکاتى هەر دوو رووداوه‌ کارەساتباره‌كانی كه‌ بەهۆى لافاوەوە بەسەر شارەکەماندا هات، لە بەهانەوە چوون و یارمەتیدانى لێقەومان لەگەڵ هەولێر بوون، درێغییان نەکرد، هەڵوێستیان پەیامێکى نیشتمانى گەورە و مایەى شانازییە و لەلاى ئێمە لەبیر نەکراوە.

ئەگەرچی ساڵی 2021، ساڵێکی پڕ زەحمەت و سەخت بوو، لە لایەک بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی نوێى کۆرۆنا و لەدەستدانی ئازیزان، لە لایەکى دیکەوە بەهۆى ئەو رووداوە کارەساتبارە سروشتیانەى بەسەر شارەکەماندا هات.

لەهەمانکاتدا ساڵێکى پڕ لە دەستکەوت بوو لە گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى هاووڵاتییان، دڵنیایی دەدەینە هاووشاریان و هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان، هەروەک چۆن لە 2021، لەو ساڵە پڕ زەحمەت و قەیرانە داراییەدا توانیمان خزمەتیان بکەین و دەستی خزمەتگوزاریی لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بگەیه‌نین بە زۆر شوێن، بەهەمان شێوە هەموو هەوڵى خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێدا بگرە زیاتر بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکى یەکسان لە سەنتەرى شار و هەموو گوند و ناحییە و قەزاکانى سنوورى پارێزگاکەمان بە تایبەتى لەگەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان و ئەو شوێنانەى کەمترین دەستى خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە خزمەتکاری هاووڵاتییانى خۆمان بین.

دڵنیابن بەرده‌وام دەبین و بەشەو و رۆژ ناوەستین، هەرچی لە تواناماندابێت و بۆمان بکرێت لە خزمەتکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی و پاراستنى ئارامى پایتەخت و سەروماڵی هاووڵاتییان و هاووشاریانمان درێغى ناکەین.

جارێکی دیکە ساڵی نوێتان پیرۆزبێت و بە ئومێدى ئەوەى ساڵی نوێ، ساڵی ئارامى و خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك و ساڵی خێر و بەرەکەت بێت.

دووربن لەناخۆشی و نەخۆشی

ئومێد خۆشناو

پارێزگاری هەولێر

2021.12.31