هاتوچۆی سلێمانی په‌یامێكی به‌په‌له‌ ئاراسته‌ی چێشتخانه‌ و شوێنی نیشته‌جێی سیتیه‌كان ده‌كات

هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری ئەو شۆفێرە ماتۆڕسکیلانە دەکاتەوە کە لە چێشتخانە و خواردنگە خێرا و ئاپارتمان و شوێنە نیشتەجێی سیتییەکان کاردەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە شۆفێری ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە لە چێشتخانە و خواردنگەخێرا و شوێنەکانی نیشتەجێ کاردەکەن مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت و پابەندبن بە یاساکانی هاتووچۆ و مەرجی توندوتۆڵییان تێدابێت، هەروەها داوا لە ئیدارەی شوێنەکانی نیشتەجێبوون دەکات کە ڕێگە نەدەن بەو شۆفێرانەی ماتۆڕسکیل کە هۆکارەکانی سەلامەتییان بەکار نەهێناوە بچنە ئەو شوێنانەوە.

دەقی ئاگادارییەکەی هاتووچۆی سلێمانی:-

ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بۆ گشت چێشتخانە و خواردنگەخێراکان – فاست فوود- لەگەڵ ئاپارتمان وشوێنە نیشتەجێی سیتییەکان .

لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی لە رووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی سیمای شار، داواکارین لە بەڕێزتان شۆفێری ئەو ماتۆڕسکیلانەی لەلاتان کار دەکەن پابەند بن بەم خاڵانەی لای خوارەوە:

1- پێویستە ئەو شۆفێرانەی لەلاتان کار دەکەن وەک ( شۆفێری ماتۆڕسکیل) مۆڵەتی لێخوڕینییان هەبێت و ئەوانەی بەدەستیان نەهێناوە، بەڕێوەبەرایەتیمان لە چوارچێوەی یاسا هاوکاریان دەبێت لە بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە یاساییە وە تاکو بەرواری 1/2/2022 ماوە ھەیە کە بێن بەدەم ئەم بانگەوازەوە و مۆڵەتی لێخورینی ماتۆڕسکیل بەڕێکارە یاساییەکان بەدەست بێنن.

2. پێویستە شۆفێرەکان هۆکارەکانی سەلامەتی پەیڕەو و بەکاربهێنن وەک کڵاوی سەرپارێز و دەستکێش و پارێزگاریکردن لە ئەنیشک و کڵاوەی ئەژنۆ، هەروەها تا بەرواری 3/1/2022 کاتیان لەبەردەستە بۆ دابینکردنی ئەم کەرەستانە کە سەلامەتی ئەو شۆفێرانەی پێوە بەندە، بەڵام بەردەوام و لەوماوەیەشدا ھەر سەرپێچییەکی ھاتوچۆییان لێ بەدی بکرێت وەک پابەند نەبوون بەترافیکل ایت یاخود ڕۆیشتن بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقام یان لێخورینی ماتۆڕسکیل لەلایەن مێردمنداڵ و لەخوار تەمەنی یاسایی وسەرپێچییەکانی دیکەی یاسای ھاتووچۆ ئەوا لێپرسینەوە بەپێی یاسا و دەستگرتن بەسەر ئەو ماتۆڕسکیلە لەلایەن مەفرەزەکانی ھاتووچۆ پەیرەو دەکرێت .

3- پێویستە ماتۆڕەکان سەرجەم مەرجەکانی توندوتۆڵییان تێدابێت وەک ڕووناکییەکانی پێش و دواوەو فلاشەرەکان و ئیستۆپ، نابێت بەهیچ شێوەیەک دەنگی صالنصاکانیان بەرزو بێزارکەر بێت واتە ئاسایی بێت، ھەروەھا پێویستە ماتۆرسکیلەکانیان کۆدێکی ڕوون و خوێندراوی پێوە بێت بە مەبەستی ناسینەوەیان .

4-  لای خۆتانەوە شۆفێرەکانتان هان بدەن و ڕێنماییان بکەن بە پابەندبوون بە یاساکانی هاتووچۆ و لەوانەش پابەندبوون بە گڵۆپی ترافیک لایت و ئاماژە دەستییەکانی کارمەندانی هاتووچۆ و دوورکەوتنەوە لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و پێشبڕکێ لەسەر شەقامەکان و هەر کارێکی مەترسیدار و سەرپێچی دیکە.

5- ھەروەھا سەبارەت بە ئەپارتمان و جێگا سیتییەکانی نیشتەجێبوون داوا لە ئیدارە و بەشی سکوێریتییەکان دەکەین کەھاوکارمان بن لەسەرخستنی ھەڵمەتی ڕێکخستنی کاری ماتۆڕسکیلەکان کە ڕێگە نەدەن بەو شۆفێرانەی ماتۆڕسکیلی دیلیڤەرییان پێیە وھۆکارەکانی سەلامەتی بەکارناھێنن وەک کڵاوی سەرپارێز وپارێزگاری لەئەنیشک وکڵاوەی ئەژنۆ بێنە ناو سنووری ئەپارتمان وستییەکانیان.

6- بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی جەخت لەوە دەکات ئامانجمان دروستکردنی گرفت و ئاستەنگ نییە بۆ بژێوی هاووڵاتییان یاخود دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکانیان، بەڵکو ئامانجمان فەراهەمکردنی ڕەوشێکی ئارام و لەبارە لەسەر شەقامەکان و نەهێشتنی دیاردە نەشیاوەکان و سەرپێچی و بێزارکردنی هاووڵاتییان بە ژاوەژاوی ئەو ماتۆڕسکیلانە و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان بە گشتی و بەتایبەتیش خودی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکانە لە ڕووداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ.

هیوادارین هەمووان هەماهەنگ و هاوکارمان بن لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزە و دڵنیاتان دەکەینەوە کە بژاردەی سزادان و دەستبەسەرداگرتن بەسەر ماتۆڕسکیلەکان دوایەمین بژاردەیە لامان کە بەناچاری دەیگرینە بەر، ھاوکاریتان مایەیی ڕێز و پێزانینمانە.

تێبینی: ژمارەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی 188 کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی سلێمانی و ژمارە 100 سەنتەری JCC ڕێکخستنی پەیوەندییەکان.

ھەواڵی زیاتر