شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

هەفتەی داهاتوو لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکرێ

بەڕێوەبەری نەوت ئاشکرایکرد کە لە هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێ بەدابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییانی دانیشتووی دەورووبەری شاری هەولێر.

ئاری کاکەشین سابیر، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕاگەیاند: ” لە سەر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانەسرووستیەکان بەردەوامین لە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەکان کە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و دەگاتە شاری هەولێر”.

ئەوەشی خستەڕوو هەفتەی داهاتوو لە چەند ناوچەیەکی هەولێر نەوت دابەش دەکرێ، گوتیشی: “لە هەفتەی داهاتوو دەست دەکەین بەدابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی دانیشتووی دەورووبەری شاری هەولێر لە قوشتەپە، بەستۆرە، دارەتوو، بەحرکە، کەسنەزان، بنەسڵاوە، خەبات و شوێنەکانی تر”.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاشکراشیکرد، بڕی 55 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک وەردەگیرێت.

بۆ ئەوەی هەر خانەوادەیەکی پارێزگای هەولێر بەرمیلێک نەوت وەربگرێ دەبێ زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر ناوت بەر دەست بێ.