رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە سۆران دەکرێتەوە

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی راگەیاند، چەند فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەک کراون بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، رەزامەندیش دراوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ دەڤەری سۆران چەند نەخۆشخانەیەکی ناوچەکەی بەسەر کردەوە و چەند بەشێکی گرنگیش لەناو نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کرانەوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، وەزیری تەندروستی گوتی: “کردنەوەی چەند بەشێکی گرنگ لە نەخۆشخانەی لە هەموویان گرنگرتر خزمەتگوزاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ، بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق لە دەرەوەی پارێزگاکان، ئەمڕۆ لە ئیدارەی سۆران نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ ئەنجامدرا، بۆیە پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکەین کە ئەمە دابینکردنی خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی رۆتینە”.

د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە سۆران دەکرێتەوە، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە.

راشیگەیاند: “ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە کە نەخۆشخانەیەکی 25 قەروێڵەیی لە ناحیەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران دروست بکرێت، لە ئایندەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند: “یەکێک لە بریارە گرنگەکانی بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆرانە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ خەڵکی ناوچەکە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ چاودێری کارەکان دەکات بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکەین”.