لە هەولێر بەهۆی هاتنی گەشتیارێکی زۆر بەبۆنەی کریسمس پلانی ئەمنی دانرا

دیوانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەهەولێر بۆ سەرى ساڵى تازە و كریسمس و پێشوازى لە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیاران پلانێکى ئەمنى دانرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا بۆ ڕێورەسمى كریسمس و سەری ساڵی تازەوە کە ژمارەیەکى زۆر گەشتیار ڕوویان لە هەولێری پایتەخت کردووە، بەمەبەستى پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان ڕووى تێدەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەشکرا، پلانەکەش تا 2/1/2022 درێژە دەكێشێت.

لە ڕاگەیانراوەکەی پارێزگای هەولێردا دڵنایی دەدرێتە هاووڵاتییانی شارەکە بەهەموو توانایەکەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، سەروماڵیان پارێزراوە و داواش لەهاووڵاتییان دەکەن هاوکاریان بن. 

ھەواڵی زیاتر