حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنی شنگالی بەلاوە گرنگ نییە و گوێ بە خەڵکی ئێزدی نادات

تا دێت بارودۆخی شنگال خراپتر دەبێت، چەکدارانی پەکەکە و لقەکانی سەر بەو رێکخراوە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و هۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەکەنە، خەڵکی شارەکەش داوای جێبەجێ کردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەن.

جگە لە بازرگانیکردن بە چەک، پەکەکە بازرگانی بەو دەرمان و کەلوپەلە پزیشکییانەش دەکات کە ئیدارەی نەینەوا بۆ شنگال دەنێرێت، لەگەڵ ئەوەش سەروەت و سامان و مەڕ و ماڵاتی خەڵکی سنوورەکە وەک سەرانە وەردەگرن و بە تاڵان دەبەنە سووریا و دەیفرۆشن و وەک سەرچاوەیەکی دارایی بۆ چەکدارەکانیان سوودی لێوەردەگرن.
دۆسیەی ئەمنی بناغەیە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە و تا کێشەکانی سەقامگیری چارەسەر نەکرێن، خەڵک ناگەرێتەوە و شارەکە ئاوەدان نابێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا رێککەوتنی شنگال، هیچ خاڵێکی بە تەواوی جێبەجێنەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە رێککەوتنی بەغدا و هەولێر، لە تشرینی یەکەمی 2020 بەناوی ” گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی قەزای شنگال” واژۆکرا و لە سێ میحوەری سەرەکی پێکهاتوون، ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە‌.
بە گوتەی بەرپرسانی شنگال بڕیاربوو تا کۆتایی ساڵی 2020 بەندی یەکەمی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەک بەندی یەکەم بەڵکو یەک خاڵیش جێبەجێ نەکراوە و رۆژبەرۆژیش بارودۆخی شنگال تێکدەچێت. لە قەزای شنگال زیاتر لە حەوت هێزی چەکداری جیاواز هەن لە نێویاندا حەشدی شەعبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق و پێشمەرگەی ئێزیدخان. چەکدارانی داعش لە 3/8/2014 هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە رفێنران. دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە 7 هەزار پێشمەرگە، کە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە دەستی داعش رزگار کرد.
قەزای شنگال، بە دووری 120کم دەکەوێتە خۆرئاوای مووسڵ و لە رووی ئیدارییەوە سەر پارێزگای نەینەوایە، بەڵام ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 8ی پارتی لە زاخۆ، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” پەکەکە بۆتە هێزێکی ناکوردی لە دەستی داگیرکەرانی کوردستان، هەر کەس و لایەنێک چ داوایەکیان لێ بکات، بۆیان جێبەجێ دەکات، بوونەتە هۆکاری تێکدانی بارودۆخی شنگال و ناوچە سنوورییەکان، بەوەش خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، رۆڵی پەکەکە ئەوەیە کورد بە ئامانجەکانی خۆی نەگات و، دژی هزری نەتەوایەتینە.
بەرپرسی لقی 8ی پارتی لە زاخۆ، گوتیشی:” پەکەکە بۆ شاردنەوەی شکەستەکانی خۆی لە باکووری کوردستان لە هەموو شوێنێک کێشە و ئالۆزی دروست دەکات، بەو شێوەیە قەزیەی کوردی خراپتر دەکات، پەکەکە بۆتە بەهانە، هەر شوێنێک تورکیا بیەوێت هێزەکانی خۆی تێدا جێگیر بکات، پەکەکە لەو شوێنە کێشە و ئالۆزی دروست دەکات، چونکە ئەگەر پەکەکە لە شنگال، یان ناوچە سنوورییەکان نەبێت توکیا ناتوانێت ئەو ناوچانە بۆردومان بکات و بێتە پێشەوە، لە شنگالیش دەیانەوێت بێنە پێشەوە و بوونەتە بەڵای سەری ئەوان، بۆیە پەکەکە بە کردەوە خراپەکانی خۆی لە شنگال دەیەوێت تورکیا بێنێتە ئەو شارە و وەکو عەفرین و سەرێ کانی خراپ بکات، دەبێت خەڵکی شنگال چی دیکە بەدوای کردەوە خراپەکانی پەکەکە نەکەون، چونکە پەکەکە هێزێکی کوردستانی نیە و بە مانەوەی ئەوان لە شنگال بەردەوام مەترسی لەسەر گیانی ئەوان دەبێت”.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 8ی پارتی لە زاخۆ، ئاشکراشی کرد:” ئێستا چەکدارەکانی پەکەکە مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن، دەوڵەتی عێراق جددی نیە لە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال، عێراق بە تۆپ و تانک هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەس خێرە ناتوانێت چەند چەکدارێکی پەکەکە لە شنگال دوور بخاتەوە، هەبوونی ناکۆکی لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی عێراق، ناکۆکی لۆکالینە و لە شنگال فێری دزی و گەندەڵی بوونە، ئەگەرنا هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە، بۆچی رێککەوتنەکەی خۆی جێبەجێ ناکات”.
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی پشتگیری لە پەکەکە دەکەن، هەر لەبەر ئەوەیە تا ئێستا لە شارەکە ماون، هەتا ئێستا یەک خاڵ لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شنگال جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش وای کردووە کە بەردەوام پەکەکە لەو دەڤەرە خۆی رێک بخاتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە خەڵکی شنگال رۆژبەرۆژ خۆ لەو هێزە نا کوردیە جیا دەکاتەوە، ئەوانەی لەگەڵ ئەوان ماون تەنیا چەند منداڵێکن، ئەگەرنا خەڵکی دیکە لەگەڵ پەکەکە نەماوە، هەر ئەوەش وای کردووە ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە جارێکی دیکە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و روو لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، ئەوەش هەموو لەبەر پەکەکەیە تا ئەوان لە شنگال بن، نەک خەڵکی ئێمە ناگەرێتەوە، بەڵکو ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە دووبارە ئەوانیش ئاوارە دەبنەوە”.

ھەواڵی زیاتر