ڕەشابەیەکی بەهێز زیان بە چەند ناوچەیەکی هەولێر دەگەیێنێت

رەشەباکەی شەوی رابردووی هەولێر زیانی ژینگەیی لێکەوتەوە، پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیێنێت، ئەگەر پێویست بکات ئەو چەند شەوە کارمەندی فەرمانگەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدا دەبن. 

شەوی رابردوو 20-12-2021 لە هەندێک شوێن لە شاری هەولێر ، رەشەبا دروستبووە و داری لە رەگەوە هەڵکەندووە، جگە لە زیانە ژینگەییەکان زیان بەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و ستوونەکانی کارەباش کەوتووە. 

 بە پشتبەستن بە پێشبینی و هۆشدارییەکانی کەشناسی، پارێزگاری هەولێر و سەرجەم بەرپرسانی ئەو شوێنانەی مەترسیی زیانیان بەهۆی لافاو و رەشەباوە لەسەربووە، شەوی رابردوو تیمەکانیان لە ئامادەباشیدا بوون. 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، “نەوەکو ئێشکگرتن، بەڵکو وەکو دەوامیی ئاسایی، بڕیارماندا ئەمشەو و شەوانی دیکەش بەردەوام بین، ئەگەر پێویست بکات لە هەموو شارەوانی، ناحیە و قەزایەک دەوام دەبێت، بەرگریی شارستانی ئاسایش، پۆلیس و زێرەڤانی هەموویان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.” 

زیانەکانی رەشەباکەی شەوی رابردووی هەولێر لە کاتێکدایە هەینی رابردوو 17-12-2021 بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لافاو لە چەند ناوچەیەکی ئەو شارە دروستبوو، بەو هۆیەوە 12 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆریی ماددیشی لێکەوتەوە کە بە زیاتر لە 20 ملیار دینار خەمڵێندرا.

ھەواڵی زیاتر