پۆلیسی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی تەقینەوەکەی کارگەی شیشی کەورگۆسک دەدات

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی نێو کارگەی شیشی کەورگۆسک بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر هاتووە: “دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی 21/12/2021، هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە کەوا نارنجۆکێکی دەستی (ڕومانە) لە کارگەی شیشی کەورگۆسک تەقیوەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی خەبات، بنکەی پۆلیسی کەورگۆسک، گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەرکەوت کەوا نارنجۆکەکە لە کاتی تواندنەوەی کۆنە ئاسندا تەقیوەتەوە”.

روونیشکراوەتەوە: “بەهۆی تەقینەوەکە کرێکارێک بە ناوی (نایف شاباز چاوشین) تەمەن 45 ساڵ، گیانلەدەست دەدات و کرێکارێکی تریش بەناوی (سامر ئیسماعیل تەها) زامدار دەبێت، تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی کرا و زامدارەکەش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە”.

هەروەها پۆلیسی هەولێر ئاماژەشی بەوەداوە کە ئێستا هێزەکانی پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری رووداوەکە.

ھەواڵی زیاتر