فەڕەنسا پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان پەرە پێ دەدات

فەڕەنسا لە دەیەکانی رابردوودا زیاتر لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق رۆڵی بینیوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا وێڕای تۆکمەترکردنی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، پەرژاوەتە سەر زۆربەی کەرتەکانی ئابووری و جێپەنجەی ئەو وڵاتە لەو کەرتەدا زیاتر بەدیار دەکەوێت.

پێوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لە قۆناغی دووەمدا زیاتر لەگەڵ چیندا بووە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بە بەرهەمەکانی ئەو وڵاتانە تەنراون. کردنەوەی دەروازەکانی ئابووری و بازرگانی و پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان هۆکار بووە لەوەی وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان تەنیا رۆڵی دیپلۆماسی نەگێڕن بەڵکوو لە بواری ئابووری و بازرگانیشدا رۆڵ ببینن.
ژووری ئابووریی کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر رایگەیاند کۆی قەبارەی وەبەرهێنانی فەڕەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جگە لە نەوت سەرووی سێ ملیار دۆلارە کە پشکی شێری بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
ژمارەی ئەو کۆمپانیا فەڕەنسییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە نێوان ٣٠ بۆ ٣٥ کۆمپانیان کە زیاتر لە بواری پێوەندییەکان، پیشەسازی چیمەنتۆ و بازرگانی کار دەکەن. هەر یەک لە کۆمپانیاکانی تێلێکام، لافارژ و کارفوور لە گرنگترین کۆمپانیاکانی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، هەژمار دەکرێن.
فەلاح ئەنوەر سەرۆکی سەنتەری بازرگانی عێراقی-چینی بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە پەرەسەندنی پێوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی فەڕەنسا شتێکی زۆر باشە هەر چەندە وڵاتانی بەریتانیا و ئیتاڵیا لە رووی پێوەندییە بازرگانییەکان لە پێش فەڕەنسان.
ئەو پێی وایە رووتێکردنی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا لە لایەک و هاتنی ژمارەی زیاتری کۆمپانیاکانی فەڕەنسا لە لایەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان لە قازانجی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە چونکە پێشتر خەڵک زیاتر لە کەلوپەلی هەرزان و بێ کوالێتی دەگەڕا و ئێستاش کاتێک کاڵاکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ، بۆ کاڵای ئەوروپی دەگۆڕدرێن نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی کوالێتییە لە بەرهەمەکان.
ئەو ئاماژەی بە کۆمپانیای کارفور کرد کە فەڕەنسییە و و بە ستانداردی جیهانی کار دەکات و وەک براندێک وێڕای دابینکردنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستان ئەوا بەرهەم و شێوازی کارکردنیشیان بە کوالێتییە و لە قازانجی خەڵکدا بووە.
جگە لە بەشی بازرگانی و پیشەسازی، فەڕەنسا لە باری نەوتدا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا چالاکی هەیە. کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسا کە گەورەترین کۆمپانیای بواری نەوتی ئەو وڵاتەیە لە پارێزگای دهۆک چالاکی هەیە.
ئەو کۆمپانیایە لە کێڵگەی نەوتیی سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک خاوەنی ١٨%ی پشکەکانە و لەگەڵ کۆمپانیای hkn ی ئەمەریکی هاوبەشە و لە پڕۆژەکەدا کار دەکات.
هەر ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق گرێبەستێکی کردووە بە بەهای حەوت ملیار دۆلار بەو ئامانجەی پەرە بە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ئەو وڵاتە بدات. جگە لەمە حکوومەتی عێراق بە هاوکاری کۆمپانیاکانی فەڕەنسا لە هەولی بەرهەمهێنانی کارەبای پشتئەستوور بە تیشکی خۆردایە.
جێی باسە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧ بریتی بوو لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار و تا ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە سەرووی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە هۆی رێکارەکان و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بە رێژەی ٥٠% دابەزی. فەڕەنسا لە رووی سەربازیش لە هەوڵدایە گرێبەستی گەورەی بواری چەک و تەکنەلۆجیای بەرگری لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا واژۆ بکات. هەر دوێنێ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد گرێبەستێکی نوێی سەربازییان لەگەڵ حکوومەتی فەڕەنسا واژۆ کردووە.
یەحیا رەسوول گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێرق باسی لەوە کردووە ئەوەی لە فەڕەنسایان کڕیوە راداری تایبەتیی سەربازییە و ئەمەریکاش لەم گرێبەستە هیچ ناڕزایەتییەکی نەبووە و ئامانجی حکوومەتی عێراق ئەوەیە توانای بەرگریی ئاسمانیی خۆی بەرەوپێش ببات.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت سیاسەتی فەڕەنسا لە عێراق هەبوونی کوردستانێکی بەهێزە، حکوومەتی فەڕەنسا و زۆربەی سەرۆک کۆمارەکانی ئەو وڵاتە پێوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ گەلی کورددا هەبووە و پەرەسەندنی پێوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە جێی بایەخ و تێڕامانە.

ھەواڵی زیاتر