جێگری پارێزگاری هەولێر: لیژنەی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی دەرخستنی کەمتەرخەمیەکان سەردانی مەیدانی دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لێپێچینەوە لە هەموو ئەو هۆکارانە دەکرێت کە بوونە هۆی هەستانی لافاو و زیانگەیاندن بە خەڵک. بەگوتەی بەرپرسانی هەولێر، دروستکردنی خانوو بە شێوەی زێدەڕۆیی و دەستکاریکردنی کەندەکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە، وا دەکات کە رێرەوی ئاو بگۆڕێت و لافاوی لەناکاو و خێرا دروست بێت، بۆ ئەم مەبەستە حکوومەت هەموو رێکارێکی گرتۆتەبەر بۆ دووبارە نەبوونەوەی لافاو.

لافاوەکەی هەولێر 15 شوێنی گرتبوویەوە و 12 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، زیانی ماددی بەر 2 هەزار و 509 خێزان کەوتووە، هەروەها 402 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و دیوارەکانیان رووخاوە یان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکچووە، 867 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، کە ژمارەیەکیان ئۆتۆمبێلی حکوومین لەکاتی چوونی تیمەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵک کەوتوونەتە ژێر ئاو، 153 دوکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراج زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیان بە ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتووە، بە گشتی زیانەکانی لافاوەکە بە 21 ملیار دینار دەخەملێنرێت”.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بۆ “هەولێر” دیارکرد:” گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا، بارینی بارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کەم، دروستکردنی خانوو بە شێوەی زێدەڕۆیی و دەستکاریکردنی کەند و قۆرتەکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە، فڕێدانی زبڵ و خاشاک، نەبوونی تیمی مەیدانی بۆ ئەوەی بەردەوام سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، ئەوە وا دەکات کە رێرەوی ئاو بگۆڕێت و لافاوی لەناکاو و خێرا دروست بێت، بۆیە هەندێک جار هاووڵاتیان هۆکارن بۆ ئەوەی لافاو دروست بێت، دەبێت هاووڵاتیان هۆشیار بن و گرفت بۆ شارەکەی خۆیان دروست نەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، دەشڵێ:” دەبێت ماوە ماوە ئەو شوێنانە خاوێن بکرێنەوە، ئاستەنگ و بەربەستەکان لاببرێن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لافاو دروست نەبێتەوە، ئەوەش نەک هەر لە هەولێر، بەڵکو لە هەموو شارەکانی کوردستان، چونکە پێش دوو ساڵ لە دهۆکیش هەمان شت بوو.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد:” لە سێ رۆژی رابردوودا کاری زۆر باش کراوە، بە دەیان مەکائین کار بۆ خاوێنکردنەوەی کەندەکان دەکەن، هەوڵی لابردنی بەربەستەکان دەدەن، بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی دیکە لە ماوەیەکی کەم بارانێکی زۆر باری لافاو دروست نەبێتەوە”.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” هەموو رێکارێک دەگرینەبەر خاوێنکردنەوە، خۆپارێزی، ئاگادار کردنەوە و بەدواداچوون، ئەوەی پێویست بێت دەکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لافاو روو نەداتەوە و، هاووڵاتیانی ئێمە پارێزراو بن و زیانی گیانی و ماددییان بەر نەکەوێت”.
جێگری پارێزگاری هەولێر، روونیشیکردەوە:” دوای دەرچوونی فەرمان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر دەستبەکار بووە و سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە پێویستە ببینرێن”.
بەڕێوبەریی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ڕوونی دەکاتەوە؛ بابەتی ئاو یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان و سەرەکیترین بابەتە کە حکوومەت وەکو خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی پێش هەموو خزمەتگوزارییەکانی دیکە گرنگی پێ دەدات، لە ماوەی رابردوودا بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکان دابین کرا، هەروەها بۆ وشکە ساڵی پارەیەکی باش دابین کرا، سەرفکردنی 17% داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان لەگەڵ چەندین بابەتی دیکە، هەروەها لە پڕۆژە ستراتیژییەکان بەتایبەتی ئەو پرۆژانەی کە چەندین ساڵە وەستابوون ئێستا بەرە بەرە دەکەونەوە کار و بودجەی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت و ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەیانە چارەسەر دەکرێت، پڕۆژەی ئاوی پیرمام و دەوروبەری کەوتۆتە سەر کار، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بودجەی بۆ دابین کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکە دەکرێت، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ چەند کێشەیەکی هەبوو ئەوانیش خەریکە چارەسەر دەبن و بودجەی بۆ دابین کراوە و دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکە دەکرێت. بۆ پڕۆژەی 51 گوندی بارزان خەریکی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانین لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێ کار دیارە هەندێک کێشەی ماڵی و ئیداری هەبوو، ئەوە خەریکین و لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە سەر کار و دەست بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە، ئەو پرۆژانە و چەندین پڕۆژەی دیکە لە ستراتیژیەتی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانی دایە، بۆ ئەوەی وەکو سەرچاوەی ئاو گرنگی بە سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی بدەین، بۆ ئەوەی دوور بکەوینەوە لە ئاوی ژێر زەوی و وەکو خۆی بمێنێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر