كارزان گلی – ههولێر
رۆژنامەنووسێكی توركیا، لە وتارێكدا باس لە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی دەكات، بەرامبەر بە دۆزی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و دەڵێت لە كۆنگرەی دیاسپۆرای كورد، بە ئاشكرا گوتوویەتی، دەبێت كوردانی تاراوگە، خۆیان بە رێكخراوەیی بكەن و لە هەموو بوارەكاندا رۆڵی گرنگیان هەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی داوای شەرعی كوردستان.
سێلجان تاشجی، نووسەری دیاری توركیا و رۆژنامەی (یەنی چاغ)ی توركی، لە وتارێكدا باس لە رۆڵی بارزانی دەكات، لە كۆكردنەوەی كوردانی تاراوگە، تا لەو رێگەیەوە بتوانن لۆبی گەورە لە ئەورووپا دروست بكەن، بەمەبەستی گەیشتن بە مافی خۆیان لە هەرچوار پارچەی كوردستان.
ئەو رۆژنامەنووسە، دژی سەرۆك بارزانی قسە دەكات و رەخنە لە حكوومەتی توركیا دەگرێت، كە ئەو هاوپەیمانەی بڕواتان پێی هەیە، خەریكی كۆكردنەوەی كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستانە و دەیانەوێت دۆزی كورد ببەنە پێشەوە.
بەگوێرەی نووسینەكەی سێلجان، سەرۆك بارزانی لە (كۆنگرەی دیاسپۆرای كورد) لەگەڵ كوردانی تاراوگە كۆ بووەتەوە و گوتوویەتی: ”دۆزی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان، لە رێگەی ئاشتی و دیموكراتیک چارەسەر بكرێت، نەك لە رێگەی شەڕەوە. هەروەها دەبێت كوردانی تاراوگە خۆیان بەرێكخراوەیی بكەن و لە هەموو بوارەكاندا رۆڵی گرنگیان هەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی داوا شەرعییەکەی كوردستان“.
ئەو ئاماژەی داوە، كە چاوەڕوانی بارزانی ئەوەیە، هەموو كوردێك لەژێر ئاڵای كوردستاندا كۆ بكاتەوە.
نووسەر، توركیا ئاگادار دەكاتەوە، كە بارزانی توركیاشی كردووەتە ئەو شوێنەی بۆ كوردان ماڵی دایكە و كوردستانە.
بۆیە دەنووسێت: ”بە بۆچوونی بارزانی، هەر كوردێك لە دەرەوەی وڵاتدا ژیا و كەمینە بوو، ئەوە دەبێتە دیاسپۆرا، پێشیوایە، ئەو كوردانەی لە عێڕاق و سووریا و ئێران و توركیا نەماون و چوونەتە دەرەوەی وڵات دیاسپۆران، كەواتە بە لای بارزانییەوە، توركیا كە مەبەست لێی باكووری كوردستانە، بۆ كوردان ماڵی دایكە و ئەوانەی ئەوێیان جێ هێشتووە و لە ئەورووپان، دیاسپۆران“.
هەروەها باسی لە سیاسەتوان و نووسەری دیاری باكووری كوردستان (ئایدەن دەرە) كردووە، كە ئەویش وەكو بەرپرسی دیاسپۆرای كورد لە سوید بەشداری كۆنگرەكەی كردووە و گوتوویەتی ”ئیسرائیل لە رێگەی لۆبی ئیسرائیلییەكانەوە لە ئەورووپا و ئەمریكا توانیویەتی دەوڵەتی ئیسرائیل بپارێزێت، بۆیە كوردیش دەبێت لۆبی بە هێز دروست بكات“.
لەبەرامبەر ئەو وتارەی سێلجاندا، نووسەر ئایدن دەرە، لە هەژماری تایبەتی خۆی وتارێكی نووسیووە و دەڵێت : “شانازی دەكەم، لە گۆنگرەیەكی لەو شێوەیە بەشداربوومە.
ئایدن دەڵێت زۆر بە رێكوپێكی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازیان لێ كردین و بۆ رۆژی دوایی بەشداری كۆنگرەمان كرد”.
ئەو دەنووسێت: ”وڵاتەكەمان زۆر جوانە، حكوومەتێكی زۆر سەركەوتووشی هەیە، هەروەها لەڕووی ئەدای ئابووری و سۆسیالەوە، كەمی ماوە 100 ساڵ بەپێش توركیا و ئێران بكەوێت، بۆیە زۆر پێی كاریگەر بووین و زۆریش شانازیمان پێوەی كرد“.
هەرێمی كوردستان، ٥٠٠هەزار خەڵكی رۆژئاوای كوردستانی لێیە، كە وەكو ئاوارە لەوێ گیرساونەتەوە و بەشێكی زۆری باكوورییەكانیش بۆ كار هاتوونەتە ئێرە و ئەو مووچەیەی وەریدەگرن، چەندین قات لەو مووچەیە زیاترە كە لە توركیا پێیان دەدرێت. ئەمەش هەر دەرە لە وتارەكەیدا باسی كردووە.
دەرە، لەگەڵ ئەوەدایە كە كوردەكانی ئەورووپا بە رێكخراوەیی بكرێن و لۆبی زۆر گەورە دروست بكەن، تا بتوانن لە داهاتوو وەكو جووەكان، دەوڵەتی كوردستان دروست ببێت.