پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، لە دیوانی پارێزگا بڕیاری ئەوەیان داوە کە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان نەک ئێشکگر بن، بەڵکو دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن. هەروەها دەشڵێت، لە ئەگەری دروستبوونی لافاو ئامێری پێویست وەکو شۆفڵ و بارهەڵگر بۆ هەموو جێگەکان دابینکراوە و بە هانای خەڵکەوە دەچن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی مەترسییەکانی دووبارەبوونەوەی لافاو رایگەیاند، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان جگە لە ئەمشەو، لە شەوانی دیکەش ئەگەر پێویست بکات بەردەوام دەبن لە دەوامکردن، واتە لە هەموو شارەوانی، ناحیە و قەزایەک دەوام هەیە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بە شەرپەرشتیی ناوەندی قەیرانەکان هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، پێشمەرگەی زێڕەڤانی و بەرگریی شارستانیی لە ئامادەباشیدان، هەروەها دەشڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە کە ئەو بارانە زۆرەی دەبارێت نەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو و ئەگەریش لافاو دروستبوو هەوڵی تیمەکانیان بۆ ئەوە دەبێت کە خەڵک رزگار بکەن.
پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی مەترسیی لافاوەوە، لەسەر راسپاردەی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان دەست کراوە، بە گواستنەوەی ئەو خێزانانەی کە هەینی رابردوو ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتن، بۆ سەنتەری شاری هەولێر.
کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو رایگەیاند، “تاوەکو ئێستا 12 خێزان کە لە 59 کەس پێکدێن گواستراونەتەوە چەند هۆتێلێک لە نێو شاری هەولێر”. گوتیشی: “هەر خێزانێک دەیەوێت ماڵەکەی چۆڵ بکات، ئامادەین بیان گوازینەوە”. بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو داوا لە دانیشتووانی ناحیەکە دەکات هۆشیار بن و نەخەون، چونکە تاوەکو کاژێر دووی شەویش مەترسیی روودانی لافاو هەیە، داواشی کرد ئەوانەی خانووەکانیان دوو نهۆمە، لە نهۆمی دووەمی خانووەکانیان بخەون.