هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

داوا لە دانیشتوانی دارەتوو دەکرێت کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن لەبەر مەترسی لافاو

بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەڵێت، بەهۆی دروستبوونی مەترسیی لافاوەوە، لەسەر راسپاردەی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان دەست کراوە، بە گواستنەوەی ئەو خێزانانەی کە هەینی رابردوو ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتن، بۆ سەنتەری شاری هەولێر. 

کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو رایگەیاند، “لەسەر راسپاردەی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دەستمان کردووە بە گواستنەوەی ئەو خێزانانەی هەینی رابردوو ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتن”. 

کاروان عارف گوتی، “تاوەکو ئێستا 12 خێزان کە لە 59 کەس پێکدێن گواستراونەتەوە چەند هۆتێلێک لە نێو شاری هەولێر”. گوتیشی: “هەر خێزانێک دەیەوێت ماڵەکەی چۆڵ بکات، ئامادەین بیان گوازینەوە”. بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو داوا لە دانیشتووانی ناحیەکە دەکات هۆشیار بن و نەخەون، چونکە تاوەکو کاژێر دووی شەویش مەترسیی روودانی لافاو هەیە، داواشی کرد ئەوانەی خانووەکانیان دوو نهۆمە، لە نهۆمی دووەمی خانووەکانیان بخەون.