د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان:کرێکاری دەستەبەرکراو وەک فەرمانبەری حکوومەت خانەنشین دەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، زیاتر لە 120 هەزار کرێکاری دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان هەن، ژمارەکەش روو لە زیادبوونە، ئێستا موڵەت بە هەموو کرێکارێک نادرێت بێنە ناو هەرێمی کوردستان و کرێکاری بکەن، هەر ئەوەش وایکردووە هاتنی کرێکاری بیانی کەم ببێتەوە، ئێستا تەنیا 15 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن. دەشڵێ، هەشت سەنتەری راهێنانی پیشەیی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن، ئەو سەنتەرانە خەڵک فێری کار دەکەن، بۆ ئەوەی بچنە ناو بازاڕی کار و کار بکەن، ئەوەش وای کردووە ئێستا خەڵک روو لە کەرتی تایبەت بکەن.

د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بۆ هەولێر دەڵێت: “زیاتر لە 120 هەزار کرێکاری دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان هەن، ساڵ بە ساڵیش ژمارەی پڕۆژە و کرێکارانی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوون دایە.
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، دەشڵێ:” لە کاتی دروستبوونی قەیرانی دارایی زۆر هەوڵمان داوە هەر کارێک هەبێت بە کرێکارانی خۆمان بکەین نەک کرێکارانی بیانی، بەهۆی ئەو رێکارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر مۆڵەت بە هەموو کرێکارێک نادرێت بۆ کارکردن روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بە تایبەت بۆ ئەو کارانەی کە خەڵکی خۆمان دەکەن، هەر ئەوەش وای کردووە هاتنی کرێکاری بیانی کەم ببێتەوە، ئێستا تەنیا 15 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن.
د. عارف حیتۆ، ئاشکراشی کرد:” هەر کرێکارێکی دەستەبەرکراوی ئەگەر 20 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ، وەکو فەرمانبەری حکوومەت خانەنشین دەبێت، ئەگەر کێشەیەکیش بۆ دروست بوو لە کاتی کاردا دەستەبەرکری بوو بەپێی راپۆرتی پزیشکی بە گوێرەی ئەو مووچەی کە دەستەبەر کراوە خانەنشین دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک لە کەرتی حکوومی بێت و لە کەرتی تایبەتیش کار بکات خانەنشین نابێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، روونیشیکردەوە:” وەزارەتی کار بۆ دەستەبەرکردن و خانەنشینی کرێکاران، کار بەیاسای ژمارە 39ی ساڵی 1971 یاسای خانەنشینی کرێکارانی عێراق دەکات،یاساکە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوەتەوە، هەروەها پرۆژەیاسایی هەموار کراو لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەپێی یاساکە، هەر کارگە و نووسینگە و شوێنێک، ئەگەر یەک کرێکاریان زیاتر کاری تێدا بکات، لەسەر خاوەنکار پێویستە کرێکارەکانی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکات، مانگانەش 17%ی مووچەکانیان بداتە سندووقی خانەنشینیی کرێکاران، کە 12%ی پارەکە لەسەر خاوەنکارە بیدات، 5%یش لە مووچەی کرێکارەکە دەدرێت، ئەو پارەیە ناچێتە ناو خەزێنەی حکوومەت، بەڵکو دەچێتە ناو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە کرێکاران، بەڵام بە مەرجێک فەرمانبەری حکوومەت نەبێت”.
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، دەشڵێ: “ئێستا دەرفەتی کار لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە، حکوومەت کۆمەڵێک پرۆژە جێبەجێ دەکات، هەموو ئەو پرۆژانە وای کردووە کە دەرفەتی کار پەیدا ببێت، ئێمەش بەردەوام پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکەین بۆ ئەوەی کار بکەن”.
د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ:” رەهنەی پیشەیی هەیە، هەر کەسێک بیەوێت پیشەیەک بزانێت هەشت سەنتەری راهێنانی پیشەیی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن، خەڵک فێری کار دەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو بازاڕی کار و کار بکەن، لەگەڵ ئەوەی وێب سایتێک هەیە، هەر ئەوەش وای کردووە کە تا رادەیەکی باش رووی خەڵک بدەینە کەرتی تایبەت ئەو 8 سەنتەرە بەردەوام خولی جۆراوجۆر دەکەنەوە، ئەوەش وای کردووە کە خەڵک بەردەوام خۆیان ناونووس بکەن بۆ ئەوەی لەو جۆرە خولانە بەشدار بن و لە دوا رۆژدا لە بازاڕی کار، کار بکەن و بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لە داهاتوودا بەردەوام کار لەسەر ئەو کارانە دەکەین و ئەوەی باش بێت دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین”.

ھەواڵی زیاتر